دوای ئازادكردنی مووسڵ هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەست پێ دەكات
پەروین نووری، بەرێوەبەری گشتیی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم ڕاگەیان: "ئێمە زانیاری و دڵنیایی تەواومان هەیە لە بوونی چەندان گۆڕی بەكۆمەڵ لەو ناوچە تازە ئازادكراوانەی كوردستان كە لەماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵدا ئازادیان كردوون، بەڵام ئێستا ئێمە هیچ تیمێكی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە ڕەوانە ناكەین، چونكە پرۆسە سەربازییەكان ئاستەنگیان بۆ دروست دەبێت، هەروەها دوای ئەو پرۆسەیە تیمەکانی ئێمە گڵۆپی سەوزمان بۆ هەڵدەكرێت و ئێمەش تیمەكانمان بۆ ئەو ناوچانە دەنێرین."
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد "تیمەكانیان ئامادەی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەكانن، بەڵام لەو ناوچە تازە ئازادكراوانە هێشتا ئاسایش بەرقەرار نییە، چونكە لە بەرەكانی جەنگەوە نزیكن، بۆیە ئێمە بڕیاری ناردنی تیمەكانمان نەداوە."
باسنیوز
