فەرماندەیەکی پێشمەرگە: دەبێت لایەنێک هێزەکەی داعشی بۆ ناو کەرکووک هێنابێت
حوسێن یەزدانپەنا، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوای کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، ئەو تیرۆریستانەی داعش كە هێندرابوونە شاری كەركووک و ئەم هێرش و كردەوە تیرۆریستییانەیان كرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پیلانێك بوو دژی كورد و هێزی پێشمەرگە و شاری كەركووک، ڕەنگە ئێستا زوو بێت بۆ ئەوەی ناوی ئەو لایەنە ببرێت كە چاوساغیان بوونە“. جەختیشی لەوە کردەوە: ”بەهیچ شێوەیەك مومكین نییە 100 كەس بە یەكەوە بتوانن دزە بكەنە نێو شاری كەركووکەوە، بگرە بە چوار كەڕەتیش ناتوانن دزە بكەن. خۆ ئەوان چەكداری تەواو بوون و ناكرێ بەو چەك و تفاقەیانەوە و بەو ڕیش و پەشمەی داعشەوە بە ناوی ئاوارەوە هاتبن بۆ ناو شاری كەركووک. بۆیە ئەمە دزەكردن نەبووە، بەڵكو هێنانی هێزێكی گەورەی چەكدارە بە سوود وەرگرتن لە توانا و دەرفەت كە دەبێ ئەو لایەنە هەیبووبێت لەو ناوچەیە و ئەوانی هێنابێت".
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە بەشێك لە مەبەستەكانی دیکەی هێرشەکەی داعش بۆ سەر كەركووک، پەكخستنی ئەو هێرشانەی هێزی پێشمەرگەیە كە زۆر بە قارەمانانە كردوویەتیە سەر شاری مووسڵ و ڕۆژ بە ڕۆژ تیرۆریستان لەناو دەبات و لە سەنتەری مووسڵ نزیك دەبێتەوە.
باسنیوز
