پەرلەمانتارێک: قەدەغەکردنی کحول سەرکەوتنی بیری داعشە
رۆژی شەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2016، پەرلەمانی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی کڕین، فرۆشتن و دروستکردنی خواردنەوە کحولییەکانی دا.
حەیدەر مەلا، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی عەرەبییە بە میدیاکانی راگەیاندووە، کە لە کاتێکدا هێزە چەکدارەکان لە پارێزگای نەینەوا شەڕی دژی داعش دەکەن، ژمارەیەک ئیسلامی سیاسی لە پەرلەمان برەو بە بیری داعش دەدەن.
حەیدەر مەلا هەروەها رایگەیاندووە، کە لە دادگای ئیتیحادی سکاڵا لە سەر بریارەکەی پەرلەمانی عێراق تۆمار دەکات.
پێشتریش ئەیاد جەمالەدین، بیرمەند و زانای ئایینیی شیعەمەزهەب رایگەیاندبوو، بڕیاری پەرلەمان بە قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان، پێچەوانەی دەستوورە، چونکە دەستووری عێراق ئازادیی بۆ تاکەکان بە ماف داناوە و قەدەغەکردنەکەش پێشێڵکردنی ئازادیی و مافی کەسییە.
باسنیوز
