بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ قەدەخەكردنی كحول هەرا دەنێتەوە
دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری قەدەخەكردنی كڕین و فرۆشتن و دروستكردنی خواردنەوە كحولیەكانی دەركرد، هاووڵاتییانی عێراق لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەستیان بەدەربڕینی ناڕەزایی كردووە و دەڵێن ئەمە دوا كێشەیە كە پێویستە پەرلەمان بیری لێ بكاتەوە.
هاووڵاتییانی عێراق سەرباری گاڵتەكردن بەو بڕیارە و سەرسڕمانیان بەو هەڵوێستە چاوەڕوانەكراوەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی وڵاتەكەیان، وای بۆ دەچن بڕیاری هاوشێوە عێراق لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دادەبڕێ و وەك هەرێمێكی گۆشەگیركراو و داپڵسێنراوی لێ دێت.
چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی عێراقیش بەكۆمەڵ داوا لە پەرلەمانتارانی عێراق دەكەن بچنە بەرەكانی جەنگەوە لە موسڵ بۆ ڕزگاركردنەوەی لە دەست داعش، پێویست نیە خۆیان بەبابەتی زۆر تایبەت و كەسیەتی خەڵكەوە خەریك بوون و ئازادیە تاكە كەسیەكان پێشێل بكەن.
لای خۆیەوە عیماد یوحەنا پەرلەمانتاری عێراق لە لیستی رافیدەین گوتوویەتی قەدەخەكردنی خواردنەوە كحولیەكان، پێچەوانەی ژمارەیەكی زۆری مادەی دەستووری عێراقە، لەوانەش دژی مادەكانی ئازادی تاكەكەسی و دیموكراسیەتە.
دەشڵێ ئەو پارانەی تا ئێستە لە ڕێگەی گومرگەكانەوە بەرانبەر هاتنی خواردنەوە كحولیەكان دەست حكومەت دەكەوتن، لەمەودوا ئەم سەرچاوە داراییە نامێنێ، بەڵكو قازانجەكان لەمەودوا بۆ بازرگانە قاچاخچیەكان دەڕوات، كە لە ئێستەوە خۆیان بۆ ئامادە كردووە.
Bas News-
