بەرپرسێکی پۆلیس لە کەرکووک: شەرمە لەم کاتی شەڕە خەریکی تۆمەتبەخشینەوە بن
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، دژی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە هاتە دەنگ کە لە لایەن چەند کەسێکی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە بڵاو کراوەتەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ”شەرمە لەم کاتی شەڕەدا، کەسانێک خەریکی تۆمەت بەخشینەوەن“.
پاش ئەوەی چەند چەکدارێکی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان، تۆمارێکی ڤیدیۆییان بڵاو کردەوە کە گوایە چەکدارێکی داعش هێزەکانی سەر بە پارتی بە ڕێگەدانیان بۆ چوونە ناو کەرکووک تۆمەتبار دەکات. عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێمە چەکداری داعشمان گرتووە و خەڵکمان لێ گرتوون، مۆبایلەکانیان لامان هەیە، ئەوانە لە مووسڵەوە چوونەتە شرگات، لەوێوە چوونەتە ناحیەی زاب و دواتر حەویجە، لەوێش بۆ ڕیاز و پاشان چوونەتە گوندێکی سەر بە ڕەشاد و بەشیر، بە تڕێلەیەک پەڕیونەتەوە و لەوێشەوە هاتوونەتە کەرکووک“.
سەرحەد قادر جەختیشی لەوە کردەوە کە حەویجە و زاب و هەموو ناوچەکان داعشی تێدایە و هێزەکانی پارتی لەوێ نین، بەڵام: ”خەڵکانێک هەن کە کێشە دروست دەکەن“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەو پێیوایە ئەو کارانەی دەکرێن و ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەی بڵاوکراوەتەوە، شەرمە و گوتی: ”دوژمنێکمان هەیە بەبێ جیاوازی هەموومان دەکوژێت، ناکرێت خەریکی یەکتر تاوانبارکردن و ناشرینکردن بین و ئەوە شتێکی عەیبەیە“.
لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا کە مەحمود کوێخا موبارەک، برای عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، هەرچەندە پێشمەرگە نییە، لەنێو هەمەرێکی پێشمەرگەدا، بەهاوکاریی کەسێکی دیکە، لە دیلێکی داعش دەدەن و زانیاری لێ وەردەگرن، بەڵام لە دەقیقەی 1:53 چرکەی ڤیدیۆکەدا، تۆمارەکە دەوەستێندرێت و تێبینی دەکرێت لەو کاتەدا بە چەکدارەکەی داعشیان گوتبێت کە هێزەکانی پارتی تۆمەتبار بکات.
Bas News-
