سەرکردەیەکی پارتی: لایەنێکی سیاسی دەیەوێت لەڕێی دروستکردنی سیناریۆ کارتی سیاسی بەکار بهێنێت
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتیی كوردستان، باس لەو ڤیدیۆیە دەكات كە لە لایەن چەند کەسێکی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە بڵاو كراوەتەوە، گوایە داعشێك دانی بەوەدا ناوە لایەنگرانی بارزانی، ڕێگایان پێ داوە بێتە ناو كەركووك.
د.محەمەد خورشید، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتیی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەسەر بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەكی سیناریۆ ئامێز لە كەركووك بێ دەنگ نابین، دەبێت بە دواداچوون بكرێت و لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەو بابەتە هەبێت".
ئەو ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەوەشی خستەڕوو: "زۆر سەیرە هێشتا لایەنێكی سیاسی دەیەوێت لە ڕێگای دروستكردنی سیناریۆ، كارتی سیاسی بەكاربهێنێت، ئەگەرنا هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن گرتنی كەسێك دواتر تۆماركردنی ڤیدیۆیی لە ژێر فشاردا بۆ ئەوەی پارتی و بارزانی تۆمەتبار بكرێت، دەستێكی زۆر كەشف و ئاشكرایە، بە تایبەت بەبێ روونكردنەوەی ئێمە، خەڵكی كوردستان دەزانێت كە كێ قوربانی لە هێرشەكەی داعش لە كەركووك داوە".
گوتیشی: "داوا دەكەین لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕووداوە بكرێت و سەرجەم ئەو كەسانەی لە گرتە ڤیدیۆكە بەشدار بوون، بخرێتە بەردەم پرسیارەوە، بۆچی، بەچی مەبەستێك و بۆچ كارێك ئەوەیان كردووە".
د.محەمەد خورشید، ئەوەشی بۆ (باسنیوز) گوت: "ئەگەر ئەمڕۆ ڕێگا درا سیناریۆی وا مەترسیدار بڵاو بكرێتەوە، سبەی شتی دیكەش دەكرێت، بۆیە سەرجەم ئەو لایەنانەی بەشدار بوون لەو سیناریۆیە، دەبێت بخرێتە بەردەم لێپرسینەوە".
لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا کە مەحمود کوێخا موبارەک، برای عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، هەرچەندە پێشمەرگە نییە، لەنێو هەمەرێکی پێشمەرگەدا، بەهاوکاریی کەسێکی دیکە، لە دیلێکی داعش دەدەن و زانیاری لێ وەردەگرن، بەڵام لە دەقیقەی 1:53 چرکەی ڤیدیۆکەدا، تۆمارەکە دەوەستێندرێت و تێبینی دەکرێت لەو کاتەدا بە چەکدارەکەی داعشیان گوتبێت کە هێزەکانی پارتی تۆمەتبار بکات.
Bas News-
