شانەی راگەیاندنی جەنگی هێرشکردنە سەر بەعقوبە رەتدەکاتەوە

شانەی راگەیاندنی جەنگی هێرشکردنە سەر بەعقوبە رەتدەکاتەوە

شانەی راگەیاندنی جەنگی، سەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، هەواڵی هێرشکردنە سەر شاری بەعقوبە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رەتدەکاتەوە و هەڕەشەی دادگاییکردنی بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندنیش دەکات.

رۆژی یەكشەممە 23-10-2016 لە بەیاننامەیەکدا شانەی راگەیاندنی جەنگی ئاماژەی بەوەکردووە، هەندێک دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، کە داعش لە سێ میحوەرەوە هێرشیکردووەتە سەر شاری بەعقوبە.

شانەکە جەخت لەوەدەکاتەوە، بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە بۆ کەمکردنەوە و نادیدەگرتنی ئەو سەرکەوتنە گەورانەیە، کە هێزە ئەمنییەکان بەسەر داعش لە موسڵ بەدەستیان هێناوە، بۆیە دەیانەوێت پشێویی دروستبکەن و کاریگەری بکەنە سەر ورەی جەنگاوەران.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە پشتگیری و خزمەت بە بەرژەوەندی داعش دەکات، بۆیە ئەو ئاژانس و پەیجانە دەدرێنە دادگا.

شانەی جەنگی داوا لە راگەیاندنی نیشتمانی دەکات "بەبێ زانیاری و دڵنیانەبوون لە سەر سەرچاوەی هەواڵەکە لە فەرماندەیی پۆلیسی دیالە نە کەونە ژێر کاریگەری ئەو پروپاگەندانە، هیچ هەواڵ و زانیاریەکی لەو شێوەیە بڵاونەکەنەوە".
Rudaw-
Top