كارتەر جەخت لە بەردەوامی پشتیوانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە دەكاتەوە
رۆژی یه‌كشه‌ممه 23-10-2016 له شاری هه‌ولێر، مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له ئاشتن كارته‌ر، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا و شاندێكی یاوه‌ری كرد و شەڕی موسڵ تاوتوێكرا.
بەپێی راگەیێندراوی كۆبوونەوەكە، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا وێڕای پیرۆزباییكردن بەبۆنەی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی پێشمەرگە و ده‌ستخۆشیی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ لە بارزانی، پێزانینی هه‌بووە بۆ ئه‌و هاوبه‌شی و هه‌ماهه‌نگییه‌ی له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقدا هه‌یه، هاوكات پرسه و سه‌ره‌خۆشی له بارزانی و كه‌سوكاری شه‌هیدانی پێشمه‌رگه كردووە و رایگه‌یاندووە "سوپاسگوزارین بۆ به‌جێگه‌یاندنی به‌ڵێنه‌كانی نێوان عێراق و هه‌رێمی كوردستان، كه ئه‌نجام ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی لێكه‌وته‌وه، ئەوەش سه‌ركه‌وتنه بۆ كوردستان و بۆ ئه‌مریكا و بۆ هه‌موو جیهان".
لە راگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە "ئاشتن كارته‌ر ئاماژه‌ی به پشتیوانی و هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه داوە و، جەختی له به‌رده‌وامی و درێژه‌دانی پشتیوانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزی پێشمه‌رگه كردووەتەوە".
كارتەر رۆشنایی خستووەته سه‌ر رۆڵی بارزانی له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ئه‌و رۆڵه‌شی بۆ به‌دیهاتنی ئاشتی له قۆناخی دوای كۆتاییهاتنی داعش به گرنگ وه‌سفكردووە.
لە كۆبوونەوەكەدا بارزانی باسی له بایه‌خی سیاسی و سه‌ربازی تێكشكاندنی داعش له موسڵ و ناوچه‌كه و هه‌موو جیهان كردووە. خۆشحاڵی خۆیشی به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه نیشانداوە، كه له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقدا هه‌یه. "بارزانی ئاماژه‌ی به پێویستیی پلان و رێككه‌وتنێكی سیاسی كرد بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ئاینده‌ی موسڵ، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته هۆكارێك و گه‌ره‌نتییه‌ك بۆ رێگه‌گرتن له سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كان، هاوكات دڵنیاییش ده‌بێت بۆ پاراستنی پێكهاته‌كانی شاره‌كه به‌تایبه‌تی پێكهاته‌كانی مه‌سیحی و ئێزدی".
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی بارودۆخی مه‌یدانیی به‌ره‌كانی شه‌ڕ و پێداویستییه سه‌ربازییه‌كان و سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له به‌ره‌ی باكوور و باكووری رۆژهه‌ڵاتی موسڵ كراوە. بارزانی ئاماژه‌ی به قوربانیدان و خۆڕاگریی پێشمه‌رگه و گه‌لی كوردستان دا، كه بووه‌ته هه‌وێنی سه‌ركه‌وتنه‌كان دژ به تیرۆریستان و راشیگه‌یاندووە "ئه‌و قوربانیدانه جێگەی شانازیی ئێمه‌یه".
لەبەرامبەردا وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا، خۆڕاگری و قاره‌مانێتیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی به شانازی بۆ هه‌موو جیهان داناوە و رایگه‌یاندووە "هه‌قی خۆتانه شانازی به خۆڕاگری و قاره‌مانێتیی پێشمه‌رگه و گه‌لی خۆتانه‌وه بكه‌ن، ئێمه‌ش شانازی به دۆستایه‌تیی گه‌لی كوردستان و پێشمه‌رگه‌وه ده‌كه‌ین".
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بیروڕا له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسی ناوچه‌كه و دواپێشهاته‌كان له سووریا و ورده‌كاری قۆناخی دوای كۆتاییهاتنی داعش ئاڵوگۆڕ كراوە.
شاندی ئەمریكا پێكهاتبوون، لە برێت مەكگۆرك، نێرده‌ی تایبه‌تی باراك ئۆباما بۆ هاوپه‌یمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، دۆگلاس سلێمان، باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق، ستیڤان داونسێند، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق، كین گرووس، كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك راوێژكار و ئه‌فسه‌ری سوپای ئه‌مریكا.
شاندی كوردستان پێكهاتبوون لە نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، كه‌ریم شنگالی، وه‌زیری ناوخۆ و وه‌زیری پێشمه‌رگه به‌وه‌كاله‌ت، د. فوئاد حوسێن، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌ت، سه‌فین دزه‌یی گوته‌بێژی حكومه‌ت و، هه‌ریه‌ك له شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، فه‌ریق شێروان و فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌ندامانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی پاراستنی هه‌رێمی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، جگە لەو كۆبوونەوەیە كە 35 خولەكی خایاندووە، بارزانی و ئاشتن كارتەر كۆبوونەوەیەكی 25 خولەكی دووقۆڵییان ئەنجامداوە.
رووداو
