وەزیری بەرگریی ئەمریکا: شانازیی بە دۆستایەتیی کورد و پێشمەرگە دەکەین

 وەزیری بەرگریی ئەمریکا: شانازیی بە دۆستایەتیی کورد و پێشمەرگە دەکەین
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی شانازیی بە دۆستایەتیی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.


بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەریم سنجاری، وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت لەگەڵ ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و دۆگلاس سلێمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کێن گرووس، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر کۆ بووەوە.


ئاشتۆن کارتەر پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی لە مەسعود بارزانی کردووە و پرسە و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی شەهیدانی پێشمەرگە کردووە، هاوکات پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان نیشان داوە.





وەزیری بەرگریی ئەمریکا جەختی لە پشتیوانیی و هاوکاریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە کردووەتەوە و رایگەیاندووە، پێشمەرگە شانازییە بۆ هەموو جیهان و ئەمریکاش شانازیی بە دۆستایەتیی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دەکات.







ئاشتۆن کارتەر باسی رۆڵی بارزانی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ کردووە و رایگەیاندووە، بارزانی لە قۆناغی بەڕێوەبردنی مووسڵیش لە دوای کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعش، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت.







هەروەک لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، مەسعود بارزانی، کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستانە، باسی بایەخی سیاسیی و سەربازیی رزگارکردنەوەی مووسڵی کردووە و پێیوابووە نەک بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، رزگارکردنەوەکە بۆ وڵاتانی ناوچەکە و هەموو جیهانیش گرنگە.


سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی ەبوەش کردووە، کە بوونی رێککەوتنێکی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی مووسڵ لە دوای داعش گەرەنتییە بۆ رێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی کێشەکان و دڵنیاییش دەبێ بۆ پاراستنی پێکهاتە ئایینیی و نەتەوەییەکانی پارێزگای نەینەوا.





پێش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2016، ئاشتۆن کارتەر بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەریم سنجاری، وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، پێشوازی لێکرا.





رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستاندەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی لە باکووری نەینەوا لە چوارچێوەی ئۆۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، راگەیاند.





پێشتر کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی پێشمەرگەی رایگەیاند، کە تێیدا پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان لە سێ قۆڵەوە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان دەست پێکرد.





زووتریش لە رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.





لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.












































باسنيوز
Top