وەزیری نەوتی عێراق: نەوت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکەین
رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2016، تاریق گەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، کە لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق کۆ بووەتەوە.
تاریق گەردی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە کۆبوونەوەکەدا، عەبدولجەبار لعێبی بەڵێنی داوە ”پێداویستییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاوارە عێراقییەکان دابین بکات و وەزارەتی نەوت ”نەوتی سپی بۆ زستان“ بۆ هاووڵاتیی و ئاوارەکان دەنێرێت.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، کە هاوکات جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانە، هەروەها رایگەیاندووە، وەزیری نەوتی عێراقی بەڵێنی داوە چارەیەک بۆ کێشە نەوتییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بدۆزێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش، لەگەڵ شاندێکی وەزارەتەکی، سەردانی هەولێر دەکات.
باسنيوز
