پێشمەرگە سێ گوند رزگار دەکاتەوە
لە حەوتەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، چەکدارانی داعش بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و چەکداری خۆکوژەوە نەیانتوانی بەرگەی هێرشی پێشمەرگە بن.
لە هێرشەکەیاندا، هێزەکانی پێشمەرگە گوندەکانی تیسخراب، فازڵییە و عومەر قاپچییان لە سنووری شارەدێی باشیک لە پارێزگای نەینەوا رزگار کردووەتەوە و یەکەکانی پێشمەرگە چوونەتە ناو گوندەکانەوە.
رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستاندەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی لە باکووری نەینەوا لە چوارچێوەی ئۆۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، راگەیاند.
پێشتر کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی پێشمەرگەی رایگەیاند، کە تێیدا پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان لە سێ قۆڵەوە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان دەست پێکرد.
زووتریش لە رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
باسنیوز
