فەرماندەیەکی پێشمەرگە: ئێمە شەڕی دەوڵەتێک دەکەین نەک رێکخراوێک
حوێن یەزدانپەنا، بەرپرسی پێشمەرگەکانی قەڵای رۆژهەڵات بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، کە پێشمەرگە بەردەوامە لە سەرکەوتن و کاتژمێر بە کاتژمێر لە پێشڕەویی بەردەوام دایە.
حوسێن یەزدانپەنا، کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستانە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، هیچ متمانەیەکی حکوومەتی عێراق نییە و تەنها متمانەی بە ئازایەتی، گیانبازیی و باوەڕی پۆڵایینی پێشمەرگەیە.
یەزدانپەنا، کە فەرماندەیی هێزێکی پێشمەرگەی کوردستانی رۆژهەڵات دەکات و لە سەرەتای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور شان بە شانی پێشمەرگەی باشوور شەڕی دژی ئەو رێکخراوە دەکات، پێیوایە چەکدارانی داعش زۆر شەڕکەرن و وەک دەوڵەتێک بەهێزن، بەڵام پێشمەرگە بە ورە و باوەڕی بەهێزییەوە، توانای شکست هێنان بە داعشی هەیە.
رۆژی یەکشەممە 23ـی 23ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستاندەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی لە باکووری نەینەوا لە چوارچێوەی ئۆۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، راگەیاند.
پێشتر کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی پێشمەرگەی رایگەیاند، کە تێیدا پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان لە سێ قۆڵەوە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان دەست پێکرد.
زووتریش لە رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
باسنیوز
