سبەینێ قەدەغەی هاتووچۆ لەكەركوك كۆتایی دێتو دەوام دەستپێدەكاتەوە
پارێزگاری كەركوك رایگەیاند قەدەغەی هاتووچۆ لەوشارە تاوەكو بەرەبەیانی سبەینێ بەردەوام دەبێتو دواتر رەوشەكە ئاسایی دەبێتەوەو دەوامی ئاسایی فەرمانگەكان دەستپێدەكاتەوە.
ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەكانی چەكدارانی داعشەوە كە سەرجەمیان تێكشكێندران، دوێنێ قەدەغەی هاتوچۆ لەكەركوك راگەیەندرا.
بەپێی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە، پارێزگاری كەركوك كە سەرۆكی لیژنەی ئەمنی پارێزگایە بڕیاریدا"قەدەغەكردنی هاتووچۆ تاوەكو كاتژمێر 4ی بەیانی بەردەوام دەبێتو پاشان هاتوچۆكردن ئاسای دەبێتەوەو دەوامی فەرمی لەسەرجەم دامودەزگاكان بەشێوەیەكی ئاسای دەبێت".
دەستپێكی هێرشەكانی داعش لەكەركوك كاتژمێر 3:30 بەرەبەیانی دوێنێ هەینی بوو، كاتێك ژمارەیەك خۆكوژی داعش هێرشیان كردەسەر بینای كۆنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوكو هەندێكیان خۆیان تەقاندەوەو دوانیشیان لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانەوە كوژران.
هەروەها داعش دوێنێ لەگەڕەكەكانی یەكی حوزەیران و ئەسرەو مەفقودین و تسعینو دۆمیز هێرشیكردو روبەڕووبونەوەلەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و پۆلیس، هاوڵاتیانیش بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش چەكیان هەڵگرت.
ئەمڕۆ شەممەش لەدوو گەڕەكی كەركوك روبەڕبونەوەی لەنێوان هێزە ئەمنیەكان دەستیپێكردەوە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ هەینی ژمارەیەك چەكداری ئەو رێكخراوە دزەیانكردە چەند گەڕەكو شوێنێكی جیاوازی شارەكە، لەچەند باڵەخانەیەكیشدا بەچەكی قەناسەوە جێگیربوون، بەڵام زۆرینەی هێرشەكانیان لەلایەن هێزە ئەمنیو سەربازیەكانەوە بەرپەرچدرایەوەو شكستیان پێهێنرا.
هەر ئەمڕۆ حەوت چەكداری داعش لەگوندی گوندی ساریتەپە كوژراون كە بەدوری چوار كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری شاری كەركوك، ئەوەش لەچوارچێوەی هەڵممەتێكی هێزەكانی پێشمەرگەدا بووە.
Xandan-
