خەلیل لەژیانیدا نەحەسایەوە كرێی هاتوچۆكەی قەرزكرد تا بچێتە بەرەی شەڕ لەموسڵ
خەلیل تاوەكو چەند رۆژێك لەمەوبەریش، هەر بەئاواتی ئەوەوە بوو لەگەڵ هاوسەرو منداڵەكانیدا بتوانن كەمێك لەژیاندا بحەسێنەوە، بەڵام ئومێدەكەی بەكارەساتێكی زۆر گەورەتر كۆتاییهات.
ژیانە سادەكەی ئەو پێشمەرگەیە پڕبوو لەچەرمەسەری، تاوەكو ماڵئاوایی یەكجاری كرد هەموو هەوڵێكی بۆ خۆشبەختی خێزانەكەی بوو، ئەوەی ئێستا زۆر ئازاری هاوسەرەكەی دەدات خەلیل بەهۆی دەستكورتیەوە بەحەسرەتی تەنانەت شوێنێكی نیشتەجێبوونەوە رۆیشت.
خەلیل خالید سۆفی، دوانیوەڕۆی 17ی ئەم مانگەو دوای ئازادكردنی گوندی كەبەرلی لەمیحوەری خازر، لەیەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەكەی ئازادكردنی شاری موسڵ بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی تیرۆریستانی داعشەوە لەگەڵ هاوسەنگەرێكیدا شەهیدبوو.
"خەلیل تەلەفۆنی بۆ كردمو زۆر خۆشحاڵ بوو بەو سەركەوتنە، بەڵام بەداخەوە پاش سەعاتێك خزمێكی خۆمان تەلەفۆنی بۆكردمو وتی خەلیل بریندارە، دواتریش زانیم شەهیدبووە"، عائیشە حەمەئەمین وادەڵێت كە ئەوەدواجار بوو گوێی لەدەنگی هاوسەرەكەی بێت.
كاتژمێر 6ی بەرەبەیانی دووشەممە 17ی ئەم مانگە، پرۆسەی فراوانی هێزی پێشمەرگە لەخازرو بەهەماهەنگی هێزەكانی سوپای عێراق لەگوێڕو گەیارەوە دەستیپێكرد، ئەوەش وەكو قۆناغی یەكەمی ئازادكردنی موسڵ؛ دووەم گەورەترین شاری عیراق كە لەناوەڕاستی ساڵی 2014ەوە كەوتۆتە دەست داعش.
ساڵح مەحمود (35 ساڵ)، هاوڕێو هاوسەنگەری خەلیل كە لەو شەڕەدا پێكەوەبوون دەڵێت، تاوەكو نیوەڕۆی ئەو رۆژە توانیویانە گوندی كەبەرلی بەپێی پلانەكەیان كۆنترۆڵبكەنەوە، دواتر توشی ئەو كارەساتە بوون.
Xandan-
