بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی لە كەركووك راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی لە كەركووك راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركووك، راگه‌یه‌ندراوێك له‌ باره‌ی په‌لاماره‌كانی چه‌كدارانی داعش، بۆ باڵه‌خانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ و له‌ به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "بۆ کەمکردنەوەى پاڵەپەستۆى تێکشکان و دواپەلەقاژەیان لە ئۆپەراسیۆنى ئازادکردنى موسڵ، تاریكپەرست و تیرۆریستانی (داعش) بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی (٢١/١٠/٢٠١٦)ى زایینى دزەیان کردە شارى کەرکوکەوە و بەداخەوە بە شەهیدکردنى چەند پێشمەرگەیەکى قارەمان و خەڵکى سیڤیل خوازیارى دەرخستنى ئەو ئەفسانەیە بوون کە دروستیان کردووە، بەڵام هێزە قارەمانەکانى پێشمەرگەى کوردستان و خەڵکى چاونەترسى شارەکە، تیرۆریستەکان کوژران و شارەکە لە ترس و تۆقین پارێزرا".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی لە كەركووك:

ئامانجی تیرۆریستان ڕەوڕەوى پێشکەوتنى خوێندن و زمانی كوردی و ئامانجە باڵاكانی كورد و كوردستانە

بۆ کەمکردنەوەى پاڵەپەستۆى تێکشکان و دواپەلەقاژەیان لە ئۆپەراسیۆنى ئازادکردنى موسڵ، تاریكپەرست و تیرۆریستانی (داعش) بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی (٢١/١٠/٢٠١٦)ى زایینى دزەیان کردە شارى کەرکوکەوە و بەداخەوە بە شەهیدکردنى چەند پێشمەرگەیەکى قارەمان و خەڵکى سیڤیل خوازیارى دەرخستنى ئەو ئەفسانەیە بوون کە دروستیان کردووە، بەڵام هێزە قارەمانەکانى پێشمەرگەى کوردستان و خەڵکى چاونەترسى شارەکە، تیرۆریستەکان کوژران و شارەکە لە ترس و تۆقین پارێزرا.

لەم چوارچێوەیەشدا پەروەردە وەک بنەمایەکى ژیانى هەر کۆمەڵگەیەک بەدوور نەبوو لە هێرشى دڵڕەشانەى تیرۆریستان و بەداخەوە تیرۆریستەکان هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی كەركووك و توانییان بچنە نێو باڵەخانەكە و دوو پاسەوانی بەڕێوەبەرایەتییەكە شەهید بكەن و بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی هەر لە پرسگە و نووسینگەی بەڕێوەبەر و چەندین هۆبەی گرنگی بەڕێوەبەرایەتییەكەوە بسووتێنن و قینی ڕەشی خۆیان بە هێماكانی كوردستان و سەرجەم كەلوپەلی بەڕێوەبەرایەتییەكە بڕێژن. ئەوەی جێگەى سەرنجە لەم هێرشە قێزەونانەدا تیرۆریستان تەنیا ڕوویان لە خوێندنى کوردى بووە و خوێندنی عەرەبی و توركمانی و سریانی كە لە هەمان بینایەدان دەستیان بۆ نەبردووە، بەم كارەش دەرکەوت کە ئامانجی فاشیستیانە و ڕەگەزپەرەستانەیان ڕەوڕەوى پێشکەوتنى خوێندن و زمانی كوردی و ئامانجە باڵاكانی كورد و ڕەمزە مەزنەکان و كوردستانییەتی شارەكەیە، چونكە قوتابخانەكانی سەر بە خوێندنی كوردی تاكە فەرمانگەن لەم شارە كە ئاڵای پیرۆزی كوردستانیان لەسەر دەشەكێتەوە و هێمان بۆ كوردستانییەتی كەركووك.

سەرەڕاى دەربڕینى خەم و ناڕەزایەتى خۆمان لەمەڕ کارى قێزەونانەى لەم شێوەیەى تیرۆریستان، مامۆستایان و قوتابییان و خوێندكارانی خوێندنی كوردی شارە خۆشەویستەکەمان دووپات دەکەینەوە کە کارى لەم شێوەیە نە ساردمان دەکەنەوە و نە دەتوانێت ببێتە لەمپەر لەسەر ڕێگەی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە شارەکەمان، بەڵكو بە پشیوانیی هێزى پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ئەمنییەكانی شارەكە و خەمخۆرانی خوێندنی كوردی لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم و خودی جەنابی وەزیری پەروەردە، سوورتر دەبین لەسەر جێبەجێکردنى ئەركەكانمان و بە زووترین كات لە خزمەت مامۆستایان و قوتابی و خوێندکارانى خۆشەویست دەبین و بە درووشمى (لە سایەی بەرخودان و قوربانییەكانی پێشمەرگە سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتمان پارێزراوە) كە كردوومانەتە لۆگۆی هەموو نووسراوە فەرمییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بەردەوام دەبین.

بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی كوردی لە كەركووك
k24-
Top