لە شەقڵاو زیاتر لە 50 تۆن سركە بۆ بازاڕەكان ئامادە كراوە
سركەی هەناری كوردی، لە زۆربەی شوێنەكان ناوبانگی هەیە، بۆیە خەڵكێكی زۆر بەتایبەت ئەوانەی ڕەزی هەناریان هەیە، خەریكی دروستكردنین، بازرگانێكیش ئاماژە بەوە ئەوە دەكات كە ئێستا كاتیەتی و خەڵك بۆ بازاڕ و بۆ خۆی دروستی دەكات.
مراز مەقسوود، بازرگانی بەروبومی خۆماڵییە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێستا كاتی دروستكردنی سركەیە، خەڵكێكی زۆر خەریكی دروستكردنیەتی، چونكە ئێستا خەڵك كاتی ئەوەیەتی سركە بكڕێت و هەڵی بگرێت، كوردی خۆشمان سركەی باش نەبێت نایخوا، متمانەی بە شوێنەكە نەبێت، نایكڕێت".
ئەو بازرگانە، ئەوەشی ڕوون كردەوە: "سركە باشەكە، تام و بۆنی دیارە، خراپەکەی بۆنی قورسە و بۆن دۆشاو دەدات، بەڵام باشەكەی بۆنی سووكە، سركەی باشیش، نرخی بە كۆی دەگاتە 17 هەزار، نرخیشی گرانە، بەڵام ماندووبوونی زۆری دەوێت".
گوتیشی: "ئێمە بۆ خۆمان دوو تۆن و نیوم داناوە، لە هەموو شەقڵاوە ساڵانە زیاتر لە 50 تەن دروست دەكرێت، ئەمە جگە لە شوێنەكانی دیكەی كوردستان، بەتایبەت شەقڵاوە، چونكە عەرەبێكی زۆر ڕووی تێدەكەن و دەیبەن، هەرچەندە عەرەبەكان سركەی باش نابەن، بەڵكوو هی خراپەكە بۆ دیاری دەبەن، كورد بۆ برنج بەكاری دێنێ، بەڵام عەرەبە بۆ مریشك بەكاری دێنێ".
Bas News-
