لیوا هەڵۆ نەجات: چەکدارانی داعش لە ناوچەی بەشیرەوە هاتوونەتە ناو کەرکووک
بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک ئەوەی ئاشکرا کرد کە گومان دەکەن چەکدارانی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش لە ڕێگەی گوندی بەشیرەوە بۆ ناو کەرکووک دزەیان کردبێت.
ئەمڕۆ شەممە 22\10\2016، لیوا هەڵۆ نەجات، بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک (پارتی) بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئەمشەو شەڕ کەم ببووەوە، هەندێک دوورە تەقە هەبوو و هەندێک کەس لە دوو گەڕەک تەقەیان دەکرد، هەروەها ماڵە کوردە کاکەییەکان تەقەیان لەسەر بوو، بەڵام کوردانی کاکەیی ئەمشەو ئازایانە بەرگرییان لە گەڕەکەکانی خۆیان کرد“.
سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنە ئەمنییەکان، بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک ئەوەی ڕوون کردەوە: ”یەکەمجار دەبێت پێداچوونەوە بە جۆری وردەکارییەکاندا بکەین و بزانین هێرشەکە چۆن ڕووی داوە و چەکدارانی داعش لە کوێوە هاتوون؟
هەڵۆ نەجات ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد: ”پێموایە ئەو چەکدارانەی داعش لە هێڵی تەماسەوە توانیویانە دزە بکەن و هاتوونەتە ناوشار، بەتایبەتی لە ناوچەی بەشیر، دەمانەوێت بەڵگەنامەکان ئامادە بکەین. ئەوانە بە کەلوپەل و پێویستیی سەربازییەوە هاتبوون و شانەی خەوتووی ناوشار نەبوون“.
Bas News-
