چه‌كداره‌كانی داعش ته‌نیا شوێنی به‌شی كوردی‌یان له په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك سووتاندووه
به‌شی خوێندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك ڕاگه‌یه‌نراوێك سه‌باره‌ت به هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روره‌ده و به‌شی كوردی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه به‌تایبه‌تی بڵاوده‌كاته‌وه و ئاشكرای ده‌كات كه تیرۆریسته‌كان ته‌نیا كه‌لوپه‌ل و بینای به‌شی كوردی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان سووتاندووه.
ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه وێنه‌یه‌كی بۆ(باس‌نیوز) نێردراوه و له به‌شێكیدا هاتووه"ئەوەی جێگەى سەرنجە لەم هێرشە قێزەونانەدا تیرۆریستان تەنیا ڕوویان لە خوێندنى کوردى بووە و خوێندنی عەرەبی و توركمانی و سریانی كە لە هەمان بینایەدان دەستیان بۆ نەبردووە، بەم كارەش دەرکەوت کە ئامانجی فاشیستیانە و ڕەگەزپەرەستانەیان ڕەوڕەوى پێشکەوتنى خوێندن و زمانی كوردی و ئامانجە باڵاكانی كورد و ڕەمزە مەزنەکان و كوردستانییەتی شارەكەیە".
ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه:-
بۆ کەمکردنەوەى پاڵەپەستۆى تێکشکان و دواپەلەقاژەیان لە ئۆپەراسیۆنى ئازادکردنى موسڵ، تاریكپەرست و تیرۆریستانی (داعش) بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی (٢١/١٠/٢٠١٦)ى زایینى دزەیان کردە شارى کەرکوک و بەداخەوە بە شەهیدکردنى چەند پێشمەرگەیەکى قارەمان و خەڵکى سیڤیل خوازیارى دەرخستنى ئەو ئەفسانەیە بوون کە دروستیان کردووە، بەڵام هێزە قارەمانەکانى پێشمەرگەى کوردستان و خەڵکى چاونەترسى شارەکە، تیرۆریستانیان کوشت و شارەکەیان لە ترس و تۆقین پاراست و ئەفسانەى داعشیان تێک شکاند.
لەم چوارچێوەیەشدا پەروەردە وەک بنەمایەکى ژیانى هەر کۆمەڵگەیەک بە دوور نەبوو لە هێرشى دڵڕەشانەى تیرۆریستان و بە داخەوە تیرۆریستەکان هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی كەركووك و توانییان بچنە نێو باڵەخانەكە و دوو پاسەوانی بەڕێوەبەرایەتییەكە شەهید بكەن و بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی هەر لە پرسگە و نووسینگەی بەڕێوەبەر و چەندین هۆبەی گرنگی بەڕێوەبەرایەتییەكەوە بسووتێنن و قینی ڕەشی خۆیان بە هێماكانی كوردستان و سەرجەم كەلوپەلی بەڕێوەبەرایەتییەكە بڕێژن. ئەوەی جێگەى سەرنجە لەم هێرشە قێزەونانەدا تیرۆریستان تەنیا ڕوویان لە خوێندنى کوردى بووە و خوێندنی عەرەبی و توركمانی و سریانی كە لە هەمان بینایەدان دەستیان بۆ نەبردووە، بەم كارەش دەرکەوت کە ئامانجی فاشیستیانە و ڕەگەزپەرەستانەیان ڕەوڕەوى پێشکەوتنى خوێندن و زمانی كوردی و ئامانجە باڵاكانی كورد و ڕەمزە مەزنەکان و كوردستانییەتی شارەكەیە، چونكە قوتابخانەكانی سەر بە خوێندنی كوردی تاكە فەرمانگەن لەم شارە كە ئاڵای پیرۆزی كوردستانیان لەسەر دەشەكێتەوە و هێمان بۆ كوردستانییەتی كەركووك.
سەرەڕاى دەربڕینى خەم و ناڕەزایەتى خۆمان لەمەڕ کارى قێزەونانەى لەم شێوەیەى تیرۆریستان، مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكارانی خوێندنی كوردی شارە خۆشەویستەکەمان دووپات دەکەینەوە کە کارى لەم شێوەیە نە ساردمان دەکەنەوە و نە دەتوانێت ببێتە لەمپەر لەسەر ڕێگەی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە شارەکەمان، بەڵكو بە پشیوانیی هێزى پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ئەمنییەكانی شارەكە و خەمخۆرانی خوێندنی كوردی لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم و خودی جەنابی وەزیری پەروەردە، سوورتر دەبین لەسەر جێبەجێکردنى ئەركەكانمان و بە زووترین كات لە خزمەت مامۆستایان و قوتابی و خوێندکارانى خۆشەویست دەبین و بە درووشمى (لە سایەی بەرخودان و قوربانییەكانی پێشمەرگە سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتمان پارێزراوە) كە كردوومانەتە لۆگۆی هەموو نووسراوە فەرمییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بەردەوام دەبین.
Bas News-
