ئەم ماوەیە بۆ باڵەكانی یەكێتی یەكلاكەرەوە دەبێت

 ئەم ماوەیە بۆ باڵەكانی یەكێتی یەكلاكەرەوە دەبێت

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی تۆپەكەیان خستە گۆڕەپانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانی بۆ دیاریكردنی كاتی كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتی و بانگهێشتكردنی ئەندامان، بەڵام لەئێستاوە باڵی ناوەندی بڕیار دەڵێن كۆسرەت رەسوڵ بانگهێشتی ئەندامان بۆ كۆبوونەوەی سەركردایەتی ناكات.

رۆژی 15/10/2016 ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە سەرپەرشتی مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی كۆبووەوە، لە كۆی 51 ئەندامی سەركردایەتی 33 كەسیان بەشدارییان لە كۆبوونەوەكەدا كرد، 18 ئەندامیش كە سەر بە باڵی ناوەندی بڕیارن، نەچوونە كۆبوونەوەكە. كۆبوونەوەش بە كراوەیی هێڵدرایەوە بێ ئەوەی هیچ بڕیارێكی تێدا بدرێت.

بەیاننامەیەكی نەرم

دوای كۆبوونەوەیەكی حەوت كاژێری، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە كە لە بەشێكیدا هاتبوو "دەرگای دیالۆگی هەڤاڵانە بۆ چارەسەری كێشەی هەڤاڵانمان كراوەیە. بەدڵنیاییەوە، چی توانامان مابێ، دەیخەینە كار بۆ كۆتاییهێنانی كێشەكان و بوژاندنەوەی متمانە و خستنەوەگەڕی پۆست و ئۆرگانەكان، لە بەڕێز جێگری سكرتێری گشتییەوە، تاوەكو هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی دیكە".

هەر لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كرابوو "كۆبوونەوەی ئایندەی سەركردایەتیش، لەدوای هەوڵی چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان كە ئومێدەوارین لەمبارەوە سەركەوتوو بین، لەهەفتەیەك بۆ دوو هەفتەی دیكە، بڕیار درا بە سەرپەرشتی بەڕێز جێگری سكرتێری گشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ، ئەنجام بدرێ".

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (رووداو) لە بەرپرسێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتییەوە دەستیكەوتوون، هۆكاری بەیاننامەكە بەو زمانە نەرمە بۆ بەشداریكردنی سەركردەكانی باڵی ناوەندی بڕیارە و گوتی "پێمان باشە ئەوانیش لە كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتی بەشدار بن".

ئەندامێكی سەركردایەتی لە ناوەندی بڕیار كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی راگەیاند "ئێمە سێ ساڵە دەمانەوێت كێشەكان چارەسەر بكرێ، بەڵام ئەوان بەلاڕێیدا دەبەن، بۆیە پێش كۆبوونەوەی داهاتوو دەبێت چارەسەری كێشەكان بكرێت، كۆبوونەوەكەش لەنێوان لیژنەكاندا بێت و دواتر دەچینە كۆبوونەوەی سەركردایەتی".

(رووداو) زانیویەتی پێش كۆبوونەوەی سەركردایەتی، مەلا بەختیار سەردانی كۆسرەت رەسوڵی كردووە بۆ سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە، بەڵام كۆسرەت رەسوڵ رەتیكردووەتەوە. هەر بەپێی زانیارییەكانیش وا بڕیارە مەلا بەختیار جارێكی دیكە داوا لە كۆسرەت رەسوڵ بكات بۆ دیاریكردنی كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتی و بانگهێشتكردنی ئەندامان.

بەڵام بەرپرسە باڵاكەی سەر بە ناوەندی بڕیار لە ئێستاوە وەڵامی خۆیانی ئاشكرا كرد و گوتی "كۆسرەت رەسوڵ بانگهێشتی ئەندامان بۆ كۆبوونەوە ناكات. ئەو كۆبوونەوەیەشی كرا پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆ بووە، چونكە لە غیابی سكرتێری گشتیدا، دەبوو جێگری سكرتێر بانگهێشتی كۆبوونەوە بكات، بۆیە ئەوان مەبەستیان لێكترازان بوو".

باڵی زۆرینە بێهیوا نین

پێدەچێت باڵی دەستڕۆیشتوو تاوەكو ئێستاش هیوایان بە بەشداریكردنی كۆسرەت رەسوڵ لە كۆبوونەوەی داهاتوویاندا هەبێ‌. ئەندامێكی سەركردایەتی لە باڵی زۆرینە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت "بێهیوا نین، لەو باوەڕەداین كاك كۆسرەت بانگهێشتی ئەندامان بۆ كۆبوونەوەكە بكات، چونكە ئەگەر ئەوان مەرجیان ئەوە بووبێت كاك كۆسرەت داوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی بكات، ئەوە ئێمە كۆبوونەوەكەمان بە كراوەیی هێشتووەتەوە. فەرموون با كاك كۆسرەت كاتی كۆبوونەوەكە دیاری بكات".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی گوتیشی "ماوەی دوو هەفتە بۆ چاوەڕوانی كاك كۆسرەت دیاریكراوە. ئەگەر لەو دوو هەفتەیەدا داوای كۆبوونەوەی نەكرد، خۆمان كۆبوونەوە دەكەینەوە و بەپێی پەیڕەویش رەنگە مەلا بەختیار سەرپەرشتی بكاتەوە".

لە كاتێكدا پێشتر مەلا بەختیار داوای لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە بۆ بانگهێشتی كۆبوونەوەكە، بەڵام ئەو رەتیكردووەتەوە، سەركردەكەی ناوەندی بڕیار گوتی "مەلا بەختیار شەرعیەتی نییە داوای بانگهێشتی كۆبوونەوە لە كاك كۆسرەت بكات، چونكە پێش ئەو كۆبوونەوەیە دەبوو لیژنەیەك لە هەردوولا كۆبوونەوەیان بۆ چارەسەری كێشەكان بكردایە، پاشان تەوەری كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی دەستنیشان بكرێت".

ئەو بەرپرسە بە سەرسوڕمانەوە گوتی "ئێمە لە كۆبوونەوەی چوار قۆڵیدا ناگەینە ئەنجام! بەنیازن لە كۆبوونەوەی گەورەتردا بگەینە ئەنجام. ئێمەش لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".

دوو هەفتەی یەكلاكەرەوە

بەپێی زانیارییەكان، ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو بۆ چارەسەری كێشەكانی هەردوو باڵ یەكلاكەرەوە دەبێت، بەرپرسەكەی باڵی "زۆرینە" گوتی "ئەو دوو هەفتەیە بۆ چارەسەربوون و چارەسەر نەبوونی كێشەكان یەكلاكەرەوە دەبێت، ئەگەر ئەوان بۆ كۆبوونەوە هاتن دەكرێت باسی كۆنگرە و شێوازی بەستنی بكەین".

ئەندامەكەی سەركردایەتی ناوەندی بڕیاریش جەختی لەو ماوەیە كردەوە و گوتی "لای ئێمەش ئەو دوو هەفتەیە بۆ چارەسەری كێشەكان یەكلاكەرەوەیە، بەڵام هیوادارین كۆبوونەوەی تاكڕەوانە نەكرێت، ئەگەریش كردیان ئەوا خۆیان لە ئایندەی یەكێتی و لێكترازانی بەرپرسن".

باڵی دەستڕۆیشتوو داوای بانگهێشت لە كۆسرەت رەسوڵ دەكات، بەڵام ئەگەر ئەو رەتیبكاتەوە، ئەوكات زۆرینە مافی خۆیان نییە كۆبببنەوە؟ سەركردەكەی ناوەندی بڕیار دەڵێت "ئێمە كێشەمان هەیە و دەبێت پێشتر چارەسەری كێشەكان بكرێن و دواتر كۆببینەوە، بەڵام دەسەڵاتی باڵەكەی دیكە لای هێرۆخانە، ئەگەر لە كۆبوونەوەشدا بڕیار بدرێت، هێرۆخان هەڵیدەوەشێنێتەوە، بۆیە لە كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتیشدا هەر بڕیارێك بدرێت پێوەی پابەند نابین".

بۆچی باسی بەرهەم ساڵح نەكرا؟

لە بەیاننامەكەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی لە رۆژی 15/10/2016 باسی بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی نەكراوە. ئەندامێكی سەركردایەتی لە باڵی زۆرینە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی گوت "مەبەست لە ناونەهێنانی د.بەرهەم فەرامۆشكردن نەبووە، بەڵكو بەپێی پەیڕەو یەك كەس بانگهێشتی كۆبوونەوە دەكات، ئەویش كاك كۆسرەتە كە جێگری یەكەمی سكرتێری گشتییە". گوتیشی "ئەگەر كاك كۆسرەت خۆیشی بانگهێشتی ئەندامان بۆ كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتی نەكات، دەتوانێت د.بەرهەم راسپێرێت و زۆر ئاساییە".
rUDAW-
Top