هاتنی حەشدی شەعبی بۆ نێو كەركووك رەتدەكرێتەوە

 هاتنی حەشدی شەعبی بۆ نێو كەركووك رەتدەكرێتەوە


پۆلیسی کەرکووک دەنگۆی هاتنی هێزی حەشدی شەعبی بۆ نێو شارەکە رەتكردەوە و، عەمید خەتاب عومەر، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هاتنی هێزی حەشدی شەعبی بۆ نێو كەركووك نییە.

دوای رووداوەکانی رۆژی هەینی 21-10-2016 کە دەیان چەكداری داعش هێرشیان كردە سەر چەند ناوچە و گەڕەكێكی كەركووك و تاوەكو پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 22-10-2016 شەڕ و پێكدادان بەردەوامبوو، چەكدارە خۆبەخشەكانیش رۆڵێكی كاریگەریان لە شەڕەكەدا هەبوو، لە چەند میدیایەکی عەرەبی هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە ئەبو مەهدی موهەندیس، کە فەرماندەیەکی دیاری حەشدی شەعبییە، لەگەڵ هێزێکی زۆری حەشد گەیشتووەتە کەرکوو‌ک.

فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک لە قسەکانیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو جەختی لەوە کردەوە، زانیاری لەو شێوەیەیان پێنەگەیشتووە و ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە.

هاوكات عەمید سمکۆ مەحموود، گوتەبێژی ئاسایشی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان لە کەرکووک، هاوشێوەی پۆلیس هاتنی هێزی حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک رەتکردەوە و بە رووداوی رایگەیاند، هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە نییە
rUDAW-
Top