مەسرور بارزانی: لە ڕووی سەربازییەوە داعش لە کۆتایی نزیک بووەتەوە
بەپێی ڕاگەیاندراوێک ، لەو دیدارەی نێوان مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و مەکگۆرکدا، دوا پەرەسەندنە سەربازییەکانی بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بە گشتی و ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مووسڵ و پێشھاتە سیاسییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا و ھەردوولا جەختیان لە بایەخ و بەردەوامیی پشتیوانیی ئاسمانی و تێبینیکردنی گۆڕانکاریی بەرچاو لە زیاترکردنی ھێرشە ئاسمانییەکان لەچاو سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مووسڵ کردەوە. پەیوەست بە پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە باکوور و باکووری ڕۆژھەڵاتی مووسڵ، مەسرور بارزانی ڕای گەیاند، داعش لە زۆر بەرەوە تێکشکاوە، ئەمەی ھەیە ئاماژەیە کە لە ڕووی سەربازییەوە لە کۆتایی نزیک کەوتوونەتەوە.
لەلای خۆیەوە برێت مەکگورک جەختی لە بەردەوامیدان بە پاڵپشتی و پشتیوانیکردنی ئەمەریکا بۆ ھێزی پێشمەرگە کردەوە و ڕای گەیاند: ئێمە بەیەکەوەین و پشتیوانیمان بۆ تێکشکاندنی ئەو دوژمنە دڕەندەیە بەردەوام دەبێت“.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا تیشکی خرایە سەر و ھەماھەنگی و گفتوگۆی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مووسڵ بە ھەنگاوێگی گرنگ بۆ شکستپێھێنان بە داعش و چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق داندرا.
ھەر لە دیدارەکەدا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ھاوپەیمانیی جیھانی دژی داعش پرسە و سەرەخۆشی باراک ئۆبامای لە کەسوکاری شەھیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان کرد و ھیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست. ھاوکات راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە سوپای ئەمریکا و بنەماڵەی ئەو سەربازە ئەمریکییە کرد، کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا گیانی بەخشی.
باسنیوز
