ئۆباما دوای پەیامێکی بارزانی نێردەی تایبەتی دەنێرێتە کوردستان

 ئۆباما دوای پەیامێکی بارزانی نێردەی تایبەتی دەنێرێتە کوردستان
سەرۆکی ئەمریکا دوای پەیامێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێردەی تایبەتیی خۆی لە هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی دژی داعش دەنێرێتە هەرێمی کوردستان.

دوای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی هیزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە پاڵپشتیی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لە ئاستی ئەو بەڵێنانە نەبوون، کە بە پێشمەرگە درابوون.

یەک رۆژ دوای پەیامەکەی مەسعود بارزانی، باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی خۆی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشی ناردە هەرێمی کوردستان و پەیامێکی ئۆبامای بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێنا. هەروەک کەناڵی (کوردستان 24) بڵاوی کردەوە.

لە پەیامەکەیدا بۆ مەسعود بارزانی، کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستانە، باراک ئۆباما رایگەیاندووە، کە ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

پێشتریش لە رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.

تاوەکو ئیستا لەو شەش رۆژەی ئۆپەراسیۆنەدا، پێشمەرگە 20 گوندی لە سنووری پارێزگای نەینەوا رزگار کردووەتەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.














باسنيوز
Top