زەحمەتکێشان: دەبووایە کامێراکانی چاودێری لە کەرکووک دابندرایە

 زەحمەتکێشان: دەبووایە کامێراکانی چاودێری لە کەرکووک دابندرایە
ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاشکرای دەکات، دەبووایە پڕۆژەی دانانی کامێرای چاودێری کە ساڵانی ڕابردوو لە لایەن نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووکەوە بڕیاری لێ دراوە، بخرابایە کار.

ئەمڕۆ شەممە 22\10\2016، شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕایگەیاند: “لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک هیچ کات قسە و گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی شارەکە نەکردووە، ئەگەر شتێکیان پێویست بووبێت، لەلایەن خۆمانەوە هاوکاریمان کردوون، بەداخەوە لە پارێزگا و لە بەشە ئیدارییەکانی دیکە، کۆبوونەوە نەبووە تا گوێ لە یەکتری بگرین”.

لەبارەی کامێراکانی چاودێرییەوە شوان ڕابەر دەڵێت: “پێشووتر باسی کڕینی کامێرای چاودێری دەکرا بۆ شارەکە، بەڵام ئێمە ئاگادار نین کە چەند پارەی بۆ خەرج کرا؟ چی لێهات؟ بۆ دانەنرا؟ هیچ زانیاریمان لانییە”. ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەو پەلامارەی دوێنێی داعش لە کەرکووک، دامەزراوە ئەمنییەکانی شارەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە و بێ توانایی دەزگا ئەمنییەکان زۆر بە زەقی بینراوە، بۆیە دەبێت هەیکەلیەتی ئیداری و لێژنەی ئەمنی پێداچوونەوەنەی جددی پێدا بکرێت، بۆ ئەوەی چیتر خەڵک بە کوشت نەدرێت، لەپێناوی کەمتەرخەمیی لایەنی ئەمنی".

جەختیشی لەوە کردەوە: “ئەو پارەیەی بۆ کامێرای چاودێری خەرج کراوە، نازانین بە وردی چەندە؟ ئەو هەموو پارەی خەرج کرا بۆ ئەو کامێرانە، ئەگەر گرنگ نەبووایە بۆ خەرج دەکرا؟ لەوەش گرنگتر کامێراکان دەبێت چاودێری و بەداداچوونیان بۆ بکرێت، چونکە ئەگەر کامێرات دانا، بەدواداچوون و پلانت نەبێت بۆچیتە؟ چونکە ئەوەی کەرکووک وێنەی گیراوە بەس سوودی چییە؟ بۆیە دەبێت ئەو پڕۆژەیە بخرێتەوە کار و کاری لەسەر بکەن، لەداهاتوودا سودی لێوەربگرن، بەڵام نەک هەر دابنرێت و پارەی بۆ خەرج بکرێت، وەک بابەتی دارەکان، دار و درەخت دەچێنن و مەراسیمیان بۆ دەکەن، کەچی دواتر ئاژەڵ دەیخوات”.

دوێنێ هەینی 21\10\2016، (باسنیوز) ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ساڵانی ڕابردوودا ملیۆنەها دۆلار بۆ پڕۆژەی دانانی کامێرای چاودێری لە کەرکووک تەرخان کراوە و بەبڕیاری نەجمەدین کەریم گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک کراوە، بەڵام کامێراکان دانەندراون، هەرچەندە پارەکە خەرج کراوە.










باسنیوز
Top