سەرۆك بارزانی و نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا کۆ بوونەوە
رۆژی شەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2016، سەرۆك بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و برێک مەکگۆرک، نێردەی تایبەتیی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نیودەوڵەتیی دژی داعش کۆ بوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆك بارزانی و برێت مەکگۆرک تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ و شەڕی دژی داعشیان کردووە.
نێردەی باراک ئۆباما لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کردووەتەوە و رایگەیاندووە، کە ئەمریکا لە هاوکارییەکانی بەردەوام دەبێت.
رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی سەرۆك بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
باسنیوز
