پارتی: لە حەوت شوێنەوە پەلاماری کەرکووک دراوە

 پارتی: لە حەوت شوێنەوە پەلاماری کەرکووک دراوە
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ئاماژە بە دۆخی ناو شاری کەرکووک دەکات و ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە خەڵکی شارەکە چەکیان لە شان کردووە و بەرگرییان کردووە.

سەلاح دەلۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوک-گەرمیانی پارتی، ڕایگەیاند: “بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 21\10\2016ەوە تا ئێستا، شەڕوپێکدادان لە هەندێک شوێنی کەرکووک هەبووە، لەکاتێکدا سوپاسی خەڵکی شاری کەرکووک دەکەین، چونکە بە هانای شارەکەوە هاتن، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە باس لە چۆڵکردنی چەند ماڵێکی کەرکووک دەکەن”. جەختیشی لەوە کردەوە: “خەڵکی شار ئەوەی چەکی هەیە، خۆیان ئامادە کردووە و بەرگرییان لە شارەکەیان کردووە، وەک پارتی، هەڵوێستی خەڵکی شاری کەرکووک بەرز دەنرخێنین".


سەلاح دەلۆ باسیشی لەوە کرد: "حەماسی خەڵکی کەرکووک بەردەوامە بۆ ڕووبەڕووبنەوەی داعش و ئەمە ماوەیەکی زۆرە کەرکووک کراوە بە ئامانج، لە کاتێکدا لە شەش یان حەوت شوێنەوە پەلاماری شارەکە دراوە، بەڵام هەرزوو پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان لە چەکدارانی داعش هاتنە دەست و ئێستا لە زۆر شوێن کوژراون و نەماون".

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیانی پارتی ئەوەی نەشاردەوە کە لە هەندێک شوێنی کەرکووکدا هێشتا شەڕ ماوە، بەڵام: “لە ماوەیەکی کەمدا کۆتایی بە چەکدارەکانی داعش دەهێندرێن، داعش لەسەرجەم بەرەکان شکستی هێناوە و خۆیان پێ ڕاناگیرێت، دێن گرفت بۆ شاری کەرکووک دروست دەکەن".











باسنیوز
Top