عەلی سندی: سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی جووتیاران دابەشدەکرێت

عەلی سندی: سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی جووتیاران دابەشدەکرێت
وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بانکەکان دابەشدەکرێت و جووتیاران دەتوانن پارەی گەنمی ساڵانی 2014 و 2015 وەربگرن.

رۆژی پێنجشەممە 20-10-2016 عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەبارەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014،2015 و 2016 ئەنجامدا.

لە بەشێکی قسەکانیدا عەلی سندی رایگەیاند "کۆمەڵێک کێشە لەبارەی وەرگرتنی پارەی ئەم سێ ساڵە هەبووە، کە بووە هۆی نیگەرانی بۆ جووتیاران، بەڵام ئێمە رایدەگەیێنین کە حکومەتی عێراقی پارەی گەنمی جووتیارانی بۆ ساڵانی 2014 و 2015 رەوانەکردووە و جووتیاران دەتوانن پارەکانیان وەربگرن".

لەبارەی بڕە پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵانی 2014 و 2015 وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتی "بڕی 309 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە، ئەمەش دوای هەوڵێکی زۆر ئەم ئامانجە هاتووەتەدی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو سەردانەی دواییدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی باسی لێوەکردووە و بەڵین دراوە کە پارەکە بەسەر جووتیاراندا دابەشبکرێت".

لەبارەی ئەو بڕە پارەیەشی کە ماوە عەلی سندی، ئاماژەی بەوەدا کە "لە کۆی 620 ملیار دیناری ساڵانی 2014 و 2015 نیوەی نێردراوە و لە رۆژی یەکشەممەوە لەڕێگەی بانکەوە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش دەکرێت".

رۆژی یەکشەممە 23-10-2016 لە بانکەکانەی ( حەدیاب، عەنکاوە، شیرین و قەڵات) لە هەولێر پارەی گەنمی جووتیاران دابەشدەکرێت.لە سنووری پارێزگای سلێمانیش لە بانکەکانی ( بابان، سەیدسادق، رانیە، هەڵەبجە و کەلار ) دابەشدەکرێت.

هەروەها لە بانکەکانی ( گارە، فایدە و رۆڤیا) لە سنووری پارێزگای دهۆک دابەشدەکرێت و لە زاخۆش لە بانکی ( دیزل) و هەروەها لە شێخانیش لە بانکی شێخان دابەش دەکرێت.

سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2016 عەلی سندی ئاماژەی بەوەدا کە "رۆژی پێنجشەممە 20-10-2016 پەیوەندیم لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراقدا کردووە و بڕیار دراوە کە 2 ترلیۆن دینار بۆ هەموو عێراق تەرخان بکرێت و موافەقەی لەسەر کراوە".

بەگوتەی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2017 ئەوەدەبێت کە، وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئیدی گەنمی خەشن( گەورە) لە جووتیاران وەرناگیرێت، داواش لە جووتیاران کراوە گەنمی ناعم (ورد) بچێنن.

لەبارەی ئەوەی کە کام پارێزگا لە هەرێمی کوردستان بۆ جۆری چاندی گەنم بە هەردوو شێوەیەوە باشترە عەلی سندی گوتی " سلێمانی بە پلەی یەکەم دێت، دهۆک ئینجا هەولێر لە پلەکانی دووم و سێیەم دێن". بەگوتەی عەلی سندی لەو بڕەپارەیەیی کە نێردراوە، بڕی 123 ملیار دینار بۆ پارێزگای هەولێر و 93 ملیار دینار بۆ سلێمانی و بۆ پارێزگای دهۆکیش 93 ملیار دینار دابینکراوە.

وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتیکردەوە کە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ درێخییەکی نەکردووە لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتە و لەمانگی 10 ساڵی 2015، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی 7804 بە دواداچوونی بۆ ئەو بابەتەی کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كورستان رایگەیاند بوو کە رۆژی چوارشەمە 19-10-2016، پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان گەیشتە بانكەكانی هەرێم.

حكومەتی عێراق 2 تریلیۆن و 331 ملیار و 443 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی لە ساڵانی 2014 و 2015 لایە، لەو بڕە پارەیەش نزیكەی 800 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانە.
Rudaw-
Top