پارتى كاندیدی بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ى هۆشیار زێبارى دانه‌ناوه
په‌رله‌مانتارێكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له به‌غدا، ڕه‌تى ده‌كاته‌وه سێ كاندیدیان هه‌بێت بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ى هۆشیار زێبارى له پۆستى وه‌زیری دارایی عێراق، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، كه تائێستا له‌سه‌رووى خۆیانه‌وه هیچ ڕێنمایی و زانیارییه‌كیان له‌و باره‌یه‌وه، پێ نه‌گه‌یشتووه.
د. ئه‌شواق جاف، ئه‌ندامى فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له په‌رله‌مانى عێراق، له لێدوانێكى تایبه‌ت به (باس‌نیوز) ئه‌و هه‌واڵانه‌ى ڕه‌تكرده‌وه كه باس له كاندیدكردنى سێ كه‌س ده‌كه‌ن بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ى هۆشیار زێبارى له پۆستى وه‌زیری دارایی عێراق.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، ڕای گه‌یاند :" ئێمه ئه‌و جۆره ڕێنمایی و زانیارییانه‌مان له سه‌رووى خۆمانه‌وه بۆ دێت، تائێستا باسى ئه‌و بابه‌ته نه‌كراوه".
جه‌ختیشی كرده‌وه، كه تا ئێستا پارتى بڕیارى نه‌داوه كه ئایا ئه‌و پۆسته وه‌رده‌گرێته‌وه یان وه‌رى ناگرێته‌وه، گوتیشی :" تا ئێستا دادگاى فیدڕاڵیش متمانه وه‌رگرتنه‌وه‌ى له هۆشیار زێبارى یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه".
ئه‌مڕۆ له میدیا عێراقییه‌كان و كوردستانییه‌كان، له سه‌ر زارى تارق گه‌ردى، جێگرى فراكسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى عێراق، هه‌واڵى ئه‌وه بڵاو كرایه‌وه كه پارتى هه‌فته‌ى داهاتوو ناوى سێ كاندید ده‌داته حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى عێراقی فیدڕاڵ، بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێكیان دیارى بكات بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ى هۆشیار زێبارى، كه په‌رله‌مانى عێراق متمانه‌ى لێ وه‌رگرته‌وه.
د. ئه‌شواق جاف، گوتیشی :" ئه‌وه‌ى له میدیاكان بڵاو كراوه‌ته‌وه به‌ناوى جێگرى سه‌رۆكى فراكسیۆن، دووره له ڕاستى و خودى تارق گه‌ردى خۆى ئه‌و هه‌واڵ و لێدوانه‌ى ڕه‌تكردووه‌ته‌وه، ئه‌و هه‌واڵانه‌ش ته‌نها لێكدانه‌وه‌ى میدیاكارانه و ڕاست نین".
Bas News-
