شاڵاو عەلی عەسکەری: داومانلێکراوە 48 کاژێر بێدەنگ بین

شاڵاو عەلی عەسکەری: داومانلێکراوە 48 کاژێر بێدەنگ بین

گوتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەکێتی ئاشکرایدەکات، چەند کەسێک کەوتوونەتە نێوەندگیری لە نێوان هەردوو باڵەکەی یەکێتی و داوایان لە هەردوولا کردووە ماوەی 48 کاژێر بێدەنگ بن تاوەکو هەوڵ بدەن بۆ چارەسەر.

شاڵاو عەلی عەسکەری، گوتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەکێتی بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند: "چەند کەسێک هاتوونەتە نێوەندگیری لە نێوماندا بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، داوایان لە هەردوولایەنمان کردووە کە ماوەی 48 کاژێر بێدەنگ بین و هیچ لێدوانێک و کۆمێنتێکمان نەبێت لەسەر یەکدی".

گوتەبێژی بڕیاری ناوەندی یەکێتی بەبێ ئاماژەدان بە ناوی کەسەکان، گوتی: "ئەوان داوایانکردووە بێدەنگ بین چونکە گوتوویانە لەو ماوەیە هەوڵێکی جددی دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

رۆژی چوارشەممە 19-10-2016 شاڵاو عەلی عەسکەری گوتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" سبەی پێنجشەممە 20-10-2016 هەموو لایەك توشی موفاجەئە دەكەین".

ئەو قسانەی گوتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەكێتی لە سۆشیاڵ میدیاكان بە ئەگەری دروستكردنی فراكسیۆنی سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان لێكدرایەوە.

رێواز فایەق، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو قسانەی كاك شاڵاو زیاد لە پێویست گەورەكراوە و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ كراوە، ئێمە سوپرايزمان ئەگەر هەبێت بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و مووچەخۆران پرۆژەمان دەبێت، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ كە شەڕێكی سەخت لە نێوان پێشمەرگە، داعش هەیە و شەهید و بریندارمان هەیە، هیچ شتێكمان نابێت".
Rudaw-
Top