وەزارەتی خوێندنی باڵا: یەکشەممەی داهاتوو زانکۆلاین کارادەبێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا: یەکشەممەی داهاتوو زانکۆلاین کارادەبێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانسی رایدەگەیێنێت، ئەنجامى وەرگرتنى راستەوخۆیى لە زانکۆکان راگەیێندرا و رۆژی یەکشەممەی داهاتووش زانکۆلاین کارادەبێت.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە (رووداو)ی راگەیاند " رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 23-10-2016 زانکۆ لاین بۆ ماوەی 10 رۆژ کارا دەکرێت و خوێندکاران دەتوانن داوا پێشکەشبکەن بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى خوێندنى 2016-2017".

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتیشی "بۆ ئەوانەى کە تاوەکو ئێستا یوزەرنەیم و پاسۆردیان وەرنەگرتووە، دەتوانن لە ئێستاوە لەڕێگەى وێب سایتى زانکۆلاین (https://regayzanko.com) دواى وەڵامدانەوەى حەوت پرسیار پاسۆرد و یوزەرنەیمى تایبەت بەخۆیان وەربگرن".

رۆژی پێنجشەممە 20-10-2016 لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی بەڕێوەچوو، تێیدا دەرئەنجامەکانى وەرگرتنى راستەوخۆیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى خوێندنى 2016- 2017 راگەیێندرا.

هەروەها کەریم ساڵح عەبدول، سەرۆکى لێژنەى باڵاى وەرگرتن گوتی "لە کۆى 520 بەش، لە وەرگرتنی راستەوخۆی زانکۆ 108 بەش جێبەجێکرا، کە بەهۆیەوە 5 هەزار و 689 خوێندکار داواکارییان پێشکەش کردوو، لە ئەنجامدا 3هەزار و 425 خوێندکار وەرگیران".

سەرۆکى لێژنەى باڵاى وەرگرتن گوتیشی " ئەوانەى بەو سیستەمە و رێنمایە وەرگیراون مافى پێشکەشکرنیان لەڕێگەى (زانکۆلاین) نامینى و ناتوانن داواکارى پێشکەش بکەن، بەڵام ئەوانەى ناویان دەرنەچووە مافیان نافەوتێت و دەتوانن لە رێگەى (زانکۆلاین) داخوازییەکانیان پێشکەش بکەن".
Rudaw-
Top