دژەتیرۆر و پێشمەرگە گوندێکی مەسیحییەکان رزگار دەکەنەوە

 دژەتیرۆر و پێشمەرگە گوندێکی مەسیحییەکان رزگار دەکەنەوە
هێزی دژەتیرۆری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە گوندێکی مەسیحییەکان لە باکووری مووسڵ رزگار دەکاتەوە.



دوای ماوەیەکی کەم لە دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆن، هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆر شکستیان بە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە گوندی باتنایای مەسیحییەکان لە شارۆچکەی تلکێف هێنا.



هێزەکانی دژەتیرۆر و پێشمەرگە دوای رزگارکردنەوەی گوندی باتنایا، چاوەڕێی کێوماڵی تیمی تایبەتی هەڵگرتنەوەی تەقەمەنی و بۆمبن و ئاڵای کوردستانیان لە ناو گوندەکەدا بەرز کردووەتەوە.



کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی پێشمەرگەی رایگەیاند، کە تێیدا پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان لە سێ قۆڵەوە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان دەست پێکرد.



پێشتریش لە رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.




باسنيوز
Top