برێت ماكگۆرك له‌باره‌ی سه‌ره‌تای كه‌وتنی موسڵه‌وه ده‌دوێت
برێت ماكگۆرك نێرده‌ی تایبه‌تی باراك ئۆباما له‌هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش باس له‌سه‌ره‌تاكانی كه‌وتنی موسڵ ده‌كات كه هه‌رچه‌نده نوری مالكی-یان له‌و مه‌ترسییه ئاگادار كردوه‌ته‌وه، به‌ڵام گوێی پێ نه‌داوه، هه‌روه‌ها باس له گرنگی ستراتیژی خۆرئاوای كوردستان‌و یارمه‌تییه‌كان بۆ شاری كۆبانی ده‌كات.
له‌باره‌ی سه‌ره‌تای كه‌وتنی موسڵه‌وه ماكگۆرك رایده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌و پێش چه‌ندرۆژێك له‌هێرشه‌كه‌ی داعش له‌باكوری عیراق بووه‌و به‌رده‌وام زانیاری به‌ده‌ست گه‌یشتووه، "له‌په‌یوه‌ندیدا بووم له‌گه‌ڵ فه‌رمانده جه‌نه‌راڵ ئۆستن، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالكی، پارێزگاری نه‌ینه‌وا ئه‌سیل نوجه‌یفی هه‌روه‌ها مه‌سعود بارزانی‌و وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كه‌ریم سنجاری".
ئه‌و وتانه‌ی ماكگۆرك له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكیدا هاتوه له‌گه‌ڵ وێبسایتی فرۆنت لاین كه له‌مانگی ئازاری ئه‌مساڵدا ئه‌نجام دراوه‌و چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ماكگۆرك باس له‌وه‌شده‌كات كه جوڵه‌كانی داعش له‌و كاته‌دا زۆر ئاڵۆز بووه، "بیرمان بێت شه‌ش مانگ به‌ر له موسڵ داعش چووه ناو فه‌لوجه‌وه، هه‌روه‌ها له‌یه‌كی كانونی دووه‌می 2014 به‌ره‌و رومادی جوڵان‌و دواتر ئه‌وه له‌موسڵ روویدا".
نێرده‌ی تایبه‌تی ئۆباما ئاماژه به‌وه‌شده‌كات كه هه‌رچه‌نده مالكی-یان له مه‌ترسی موسڵ ئاگادار كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام پێی وابووه كه موسڵ چه‌ند لیوایه‌كی عێراقیی لێیه‌و مه‌ترسی له‌سه‌ر نییه.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا باسله‌هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكاو وڵاتانی هاوپه‌یمانان ده‌كات بۆ رۆژئاوای كوردستان‌و شاری كۆبانی.
له‌باره‌ی گرنگیی ستراتیژیی كۆبانێ ماكگۆرك ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه ئه‌وێ خاكێكی گرنگی سنورییه‌و بۆ لێدان له‌داعش ده‌بێت له سنوره‌كانی داببڕن تا چی دیكه چه‌كداری بیانی په‌یوه‌ندییان پێوه‌نه‌كات، "ئه‌گه‌ر كۆبانیمان له‌ده‌ست بچوایه، باوه‌ڕوام وایه هه‌رگیز نه‌مان ده‌توانی ئه‌و سنوره سورییه‌مان بگێڕایه‌ته‌وه".
ماكگۆرك باس له‌وه‌شده‌كات كه له‌وكاته‌ی كۆبانێ مه‌ترسی له‌سه‌ربووه له‌گه‌ڵ ئۆبامادا كۆبوونه‌ته‌وه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌و فشارانه‌ی هه‌بوون، به‌ڵام بڕیاره راسته‌كه‌یان دا به‌هاوكاریی كردنی مرۆیی ئه‌و شاره له‌ڕێی فڕۆكه‌وه.
"ئه‌نقه‌ره دژی ئه‌وه وه‌ستایه‌وه. سه‌رۆك ئۆباما په‌یوه‌ندیكرد به‌ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌وردیی روونی بكاته‌وه كه ئێمه چی ده‌كه‌ین به‌وه‌ی ناتوانین رێگه به داعش بده‌ین هه‌موو سنووره‌كه كۆنتڕۆڵ بكات. ئێمه د‌رك به‌وه ده‌كه‌ین كه نیگه‌رانی ئه‌منی توركیا له‌جێی خۆیدایه بۆ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌ریه‌تی تێیدا په‌كه‌كه، به‌ڵام ئێمه ناتوانین رێگه بده‌ین به كه‌وتنی ئه‌و شارۆچكه‌یه".
برێت ماكگۆرك جه‌ختده‌كاته‌وه كه ئۆباما بۆ وه‌رگرتنی رووخسه‌ت په‌یوه‌ندی به ئه‌ردۆغانه‌وه نه‌كردووه، "به‌ڵكو بۆ ئه‌وه بوو كه پێی بڵێت ئێمه چی ده‌كه‌ین".
برێت ماكگۆرك پێشتر وه‌ك جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كاری كردووه، دوای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له 67 وڵات پێكهێنرا بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعش له‌عیراق‌و سوریا، له‌كۆتاییه‌كانی 2015 وه‌ك نێرده‌ی تایبه‌تی باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مریكا دیاریی كرا.
Xandan-
