چیرۆكە دڵهەژێنەكەی سەڵاح ئەو پێشمەرگەیەی بۆ شەڕی موسڵ ئازیزانی بەجێهێشت

چیرۆكە دڵهەژێنەكەی سەڵاح ئەو پێشمەرگەیەی بۆ شەڕی موسڵ ئازیزانی بەجێهێشت


دایك‌و هاوسەری سەڵاح هێندە خەمەكەیان گەورەبوو نەیانتوانی هیچ قسەیەك بكەن، ئەوان بەكوڵ دەگریان‌و هێشتا لەشۆكدابوون، چونكە ئەوەی چاوەڕێی نەبوون ئەو رووداوە بوو كە ماڵێكی رەشپۆش‌و سێ‌ منداڵی بێ‌ باوك كرد.

دواساتەكانی ژیانی سەڵاح حەمەئەمین سەدان كلیۆمەتر دوور لەخێزان‌و خۆشەویستانی بوو، لەگەڵ هاوسەنگەرەكانیدا چەكی پێشمەرگایەتیەكەی بۆ كۆتاییهێنان بەتیرۆریستانی داعش لەموسڵ هەڵگرت‌و لەگەڵ گەیشتنیان بەسەركەوتن، یەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەكە 17ی ئەم مانگە شەهیدبوو.

"دایكی شەهید تووشی حاڵەتێكی دەروونی خراپ بووە، بەچەشنێك كە چەند جارێك چووتەسەر گۆڕی شەهید‌و خۆڵی سەر گۆڕەكەی دەخوات"، بەكر شەشۆیی كەسی نزیكی سەڵاح دەڵێت هاوسەری شەهیدیش تووشی شۆك بووە‌و زۆر بەكەمی قسەدەكات.

كاتژمێر 6ی بەرەبەیانی‌ دووشەممە 17ی ئەم مانگە، پرۆسەیەكی فراوانی هێزی پێشمەرگە لەخازر‌و بەهەماهەنگی هێزەكانی سوپای عێراق لەگوێڕ‌و گەیارەوە دەستیپێكرد، ئەوەش وەكو قۆناغی یەكەمی ئازادكردنی شاری موسڵ؛ دووەم گەورەترین شاری عیراق كە لەناوەڕاستی ساڵی 2014ەوە كەوتۆتە دەست داعش.

ساڵح مەحمود (35 ساڵ)، هاوڕێ‌‌و هاوسەنگەری سەڵاح لەو شەڕەدا پێكەوەبوون، دەڵێت تاوەكو نیوەڕۆی ئەو رۆژە توانیویانە گوندی كەبەرلی بەپێی پلانەكەیان كۆنترۆڵبكەنەوە، دوای كاتژمێر سەڵاح لەرێی تەلەفۆنەوە بانگی كردووە بۆ نانخواردن.



شەهید سەڵاح لەگەڵ ساڵح-ی هاوڕێ ‌و هاوسەنگەری

"چووینە سەربانی ماڵێك بۆ نانخواردن، سەڵاح‌و خەلیل پێش ئێمە لەنانخواردن بوونەوەو چوونە خوارەوە، لەناكاو دەنگی دوو تەقینەوەی گەورە لەناو هۆڵی خانووەكەدا هات، بەپەلە چوینە خوارەوە بینیمان سەڵاح‌و خەلیل شەهیدبوون"، ساڵح هێشتا لەشۆكی ئەو رووداوەدایە.



هێزەكانی پێشمەرگە لەو شەڕەدا تەواوی پلانەكەیان لەماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا جێبەجێكرد، ئەوەش بەكۆنتڕۆڵكردنەوەی 9 گوند‌و پانتاییەكی فراوانی رێگای سەرەكی هەولێر-موسڵ بەرووبەری نزیكەی 200 كیلۆمەتر چوارگۆشە لەرۆژهەڵاتی موسڵ، بەپێی راگەیەندراوێكی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێم.

15 ساڵ لەمەوبەر سەڵاح ژیانی هاوسەرێتی پێكهێناوە، دوای خۆی سێ‌ منداڵی بەجێهێشت؛ كوڕە گەورەكەی رێژوان 12 ساڵ، كچەكەی هۆزان 10 ساڵ‌و كوڕی بچوكیشی دانەر تەمەنی چوار ساڵە.



رێژوان كوڕە گەورەكەی شەهید سەلاح

جەلال ئەحمەد ناسراو بە(جەلال شێخە)، هەرزوو بەشەهیدبوونی سەڵاح-ی خوشكەزای زانی، ئەوەش لەرێی پەیوەندی تەلەفۆنی برایەكیەوە كە لەهەمان بەرەی شەڕدابوو، بەڵام نەیانهێشت هاوسەر‌و دایك‌و باوكی بزانن تاوەكو پێویستیەكانی بەخاكسپاردن‌و پرسەكەی دابین دەكەن.

ئەو هێشتا لەپرسەكەی شەهید سەڵاح بوو كاتێك قسەی بۆ خەندان دەكرد، "جگە لەوەی خاڵ‌و خوشكەزابووین، هاوڕێی‌و دۆستی یەكتربووین، كەسێك كە نەیناسینایە هەر وایدەزانی هاوڕێی یەكترین، كوڕێكی زۆر هێمن‌و دەستپاك‌و بەڕەوشت بوو، زۆر حەزی لەراوكردن‌و وەرزش بوو"، جەلال دەڵێت هەواڵەكە بۆ ئەوان زۆر جەرگبڕ بوو.



كوڕە بچوكەكەی‌و كچەكەی شەهید سەڵاح



شەهید سەڵاح نیوەی 36 ساڵی تەمەنی لەپێشمەرگایەتیدا بەسەربردووە، تاوەكو پۆلی شەشەمی سەرەتایی خوێندووە، دوائەركی لەفەوجی دووی لیوای سێی بەرگری‌و فریاكەوتنی سلێمانی بووە، كە هێزەكەیان ئێستا لەسنوری نەینەوایە.

لەو شەڕەدا‌و بەتایبەت لەمیحوەری خازر، لیوای سێی سەر بەكۆسرەت رەسوڵ عەلی، هێزی پشتیوانی دوو، لیوای بەرگری‌و فریاكەوتن لەگەڵ هێزەكانی 70 كە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سەرپەرشتیارییان دەكات رۆڵی بەرچاویان هەبووە.

هاوسەنگەرەكەی سەڵاح بەدەم خەمەكانیەوە دواقسەكانی هاوڕێكەی دەوتەوە "تەنیا سێ‌ بۆ چوار مەترێكمان لەنێواندا بوو، بەمنی وت ساڵح ئەوە نانەكەت بەڵام ئاو نەماوە بتدەمێ‌، وتم قەینا زەمزەمیەكەم ئاوی تێدایە، ئەوەی وت‌و پاش كەمتر لەیەك خولەك لەگەڵ شەهید خەلیل چوونەخوارەوە بۆ ئەوەی لەشیوێنێكی تردا هەندێ‌ پشوو بدەن بەڵام بۆمبەكەیان پێدا تەقیەوە".

ئەو دوو هاوڕێ‌‌و هاوسەنگەرە زۆركات پێكەوەبوون، لەپاڵ ئەركی پێشمەرگایەتیدا سەرقاڵی كرێكاری بوون وەكو وەستای دیوار، "شەوی پێش شەهیدبوونی كاتێك خۆمان بۆ هێرشەكە ئامادەدەكرد، زۆر قسەی خۆشمانكرد، ئەو بەمنی دەوت ساڵح قسەت زۆر خۆش بووە ئەترسم بەیانی شەهیدبیت، بەڵام ئەفسوس خۆی شەهیدبوو" ساڵح وادەڵێت.

لەدەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ، تیرۆریستانی داعش زەبری كوشندەیان لێكەوت‌و دەیان چەكداریان بەدەستی پێشمەرگە كوژران، جگە لەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەفرۆكەی جەنگی چەندین مۆڵگەی خاپوور كرد‌و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویش تێكشكێندران.






شەهید سەڵاح خەڵكی گووندی (میراوە)ی شارباژێرە، ساڵی 1987‌و لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعس بنەماڵەكەیان بۆ ئۆردوگای بازیان راگوێزراون، لەئێستاشدا ماڵیان لەهەمان شوێنە‌و لەگۆڕستانی ئەڵایی بەخاكسپێدراوە، ئەو دوو براو‌و چوار خوشكی هەیە، یەكێك لەبراكانیشی پێشمەرگەیە.

ساڵح-ی هاوسەنگەری دەڵێت ماوەیەك پێش ئێستا شەهید سەڵاح ئۆتۆمبێلێكی لەپێشانگای ئۆتۆمبێل لەهاوڕێیەكی كڕیووە‌و هەزار دۆلاری ماوە بیدات، زۆر پێداگری كردووە وەكو قەرز بۆی بنوسێت چونكە وتوویەتی "دنیا مان‌و مردنە، وەكو ئەوەی دڵی لێیدابێت كۆچی یەكجارەكی دەكات".

شەهید سەڵاح زۆر ستایشی ئازایەتی‌و چاونەترسیەكەی دەكرێت، ئەو لەتەواوی شەڕەكانی داعشدا بەشدار بووە.

هێزەكانی پێشمەرگە لەو شەڕەدا بەچوار هەزار كەس بەشدارییان كرد بەپێی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، ئەوەش دوای ئەو سەركەوتنانەی لەدوو ساڵی رابردوودا بەرانبەر داعش بەدەستیهێنا كاتێك بەدرێژایی هەزار كیلۆمەتر لەناوچە جیوازەكان روبەڕوی بۆتەوە، لەو ماوەیەدا دەیان ناوچەی گرنگ‌و ستراتیژی كۆنتڕۆڵكرد.
Rudaw-
Top