نەوزاد هادی: ئەمساڵ ناتوانین نەوتی سپی دابەش بكەین

نەوزاد هادی: ئەمساڵ ناتوانین نەوتی سپی دابەش بكەین

پێدەچێت خەزێنەی پارێزگاكەی هێندە بەتاڵ بێت، هیچ موژدەیەكی خۆشی پێنەدرێ‌ بە هاووڵاتیان، ئەو دەڵێت سەرجەم پرۆژەكانی هەولێر وەستاون، ئەو داهاتەشی دەستیان دەكەوێت دەچێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی و تەنیا 20%ی بۆ ئەوانە.

پێش قەیرانی دارایی، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لە چەندین بۆنەدا موژدەی بە هاووڵاتیانی هەولێر دا كە شارەكەیان بۆ دەكات بە دوبەی، بەڵام قەیرانی دارایی هەموو شتێكی راگرت.

پارێزگاری هەولێر، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی داهاتی هەولێر دەكات و دەڵێت داهاتەكەی لە سلێمانی كەمترە و دەچێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی، بەڵام داهاتی سلێمانی نایەتەوە هەولێر. سەبارەت بە دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان، نەوزاد هادی دەڵێت ئەمساڵ ناتوانن نەوتی سپی دابەش بكەن.


رووداو: گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر چییان لێهات؟

نەوزاد هادی: شەش پۆستی ئیداری لە بەڕێوەبەری ناحیەكان بەتاڵ بوو، پڕكرانەوە. بەڕێوەبەری دوو ناحیە گۆڕدران. بە گشتی گۆڕانكاری لە هەشت پۆستی ناحیەكاندا كراوە.

رووداو: بۆچی پۆستەكان تەنیا دەدرێنە پارتییەكان؟

نەوزاد هادی: ئەوە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی پارتییە لە حكومەتی خۆجێیی پارێزگای هەولێر لەگەڵ لایەنەكانی دیكە لە دانوستاندن بووین بۆ دروستكردنی حكومەتی خۆجێیی هەولێر، جگە لە گۆڕان، بۆچی لەگەڵ لایەنەكان نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك؟ هەموو پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لەسەر بنەمای سازانی نیشتمانی دروستكرابوو، لەگەڵ رووداوەكانی پەرلەمانی كوردستان و شكاندنی سازانی نیشتمانی ئەو پرۆسەیەش وەستا، ئەگەرنا ئێمە پۆستی بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوە و گەشتوگوزارمان لە هەولێر دایە گۆڕان، بەڵام لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سازان لە پەرلەمانی كوردستان ئەو پرۆسەیە شۆڕ نەبووەوە خوارەوە، بۆ پارتیش بە هەمان شێوە بوو، لە پارێزگای سلێمانی هیچ پۆستێكی وەرنەگرت.

رووداو: ئامادەكارییەكانی پارێزگای هەولێر بۆ پێشوازی لە ئاوارەكانی مووسڵ بە كوێ‌ گەیشتووە؟

نەوزاد هادی: ئێستا دوو ملیۆن كەس لە شاری مووسڵ دەژین، پێشبینی دەكرێت زیاتر لە یەك ملیۆنیان ئاوارە بن و نیوەشیان روو لە هەولێر دەكەن، بە تایبەتی ئاوارەكانی مووسڵ كە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن دێنە هەولێر و دهۆك، بۆیە پلانێكی بە پەلە لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتووەكان داڕێژرا بۆ چۆنیەتی پێشوازی لە ئاوارەكانی شەڕی مووسڵ. پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێكەری پلانەكەن. وەكو پارێزگای هەولێر بەپێی دۆخی ئەمنی و توانای حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئاوارەكان دەكەین، بۆیە لە خازر لە دەرەوەی شار، كەمپ بۆ ئاوارەكان ئامادە كراوە، چونكە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارەی لێیە كە 44%یان لە هەولێرن و ژمارەیان 700 هەزار ئاوارەیە.

رووداو: كەواتە رێگا نادەن ئاوارەكان بێنە نێو شار؟

نەوزاد هادی: نەخێر، تەنانەت ناگەنە خەباتیش، بەڵكو ئەو ئاوارانەی لە مووسڵەوە بەرەو ئاراستەی هەولێر دێن لەو دەشتاییانە پێشوازییان لێدەكرێ و نیشتەجێ دەكرێن. وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقیش 15 ملیار دیناری داوەتە ئێمە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلانە، 15 ملیاریش دراوەتە دهۆك، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان بڕە پارەیەكی لە وڵاتە كۆمەكبەخشەكان بۆ عێراق وەرگرتووە كە نزیكەی 260 ملیۆن دۆلار دەبێ. بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا و نەتەوە یەكگرتووەكان واژۆكراوە، ئەوان پارە دابین دەكەن و ئێمەش كەمپەكان دروست دەكەین، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان خواردن و كەلوپەلیان بۆ دابین دەكات.

رووداو: هیچ مەترسییەك لە هەوڵی دزەكردنی چەكدارانی داعش لەگەڵ شەپۆلی ئاوارەكان هەیە؟

نەوزاد هادی: بارودۆخی هەولێر جێگیرە، ئێمە ئاوارەكانی گەیارە و شەرگاتمان لە دیبەگە جێگیر كرد و نەمانهێشت بێنە نێو شارەكان، هەر لەوێش دەزگا ئەمنییەكان لێكۆڵینەوەی خۆیان لە گومانلێكراوان كرد، چونكە ئاسان نییە خەڵكی بێ‌ تاوان و چەكداری داعش لە یەكدی جیابكەینەوە، ئەمجارە لە خازر ئاسایش لە كەمپی سەرەتایی پێشوازی لە ئاوارەكان دەكات و لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئاوارەكان دەكات و پاشان دەگوازرێنەوە نێو كەمپەكان..

رووداو: پاش بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، چارەنووسی پڕۆژەكانی هەولێر چی لێهات؟

نەوزاد هادی: هەموو پڕۆژەكانی هەولێر وەستاون، وەزارەتی پلاندانانیش ئامار و داتای لەسەر ئەو بابەتە بڵاوكردەوە، تەنیا ئەو پڕۆژانە جێبەجێ كراون كە بەڵێندەرەكان لەسەر توانای ماددی خۆیان جێبەجێیان كردووە، چونكە ئێمە پارەو بودجەمان نەبووە تاوەكو سولفەی بەڵێندەرەكان بدەین. پڕۆژەی شەقامی 120 مەتریمان هەیە، لە رێگای مەسیف - مووسڵ كە گرووپی هێمن جێبەجێی دەكات ئیشكردن لەوێ‌ بەردەوامە. هەروەها دارین گرووپ، پڕۆژەی دەروازەی شەقامی هەولێر تاوەكو سەرەوەی عەلوە، لەگەڵ كۆمپانیای چیڤیكلەر رێگای هەولێر- مووسڵ جێبەجێ دەكات. بەشێوەیەكی گشتی هەموو پرۆژەكانی هەولێر وەستاون. تەنیا بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە كە 20%ی داهاتەكانی هاتوچۆ و شارەوانی و داهاتەكانی دیكە لە پڕۆژەی بچووك و چاككردن و قیرتاوكردنی هەندێك شوێن خەرج دەكرێت.

رووداو: داهاتی هەولێر چی لێدێت؟

نەوزاد هادی: داهاتەكانی شارەوانی، ئاو، هاتوچۆ و سەرجەم داهاتەكان دەچێتەوە وەزارەتی دارایی و تەنیا 20%ی دێتەوە فەرمانگەكان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، داهاتەكان زیاتر هی خاڵە سنوورییەكانە، لە هەرێمی كوردستان زیاتر داهاتی ئیبراهیم خەلیل و باشماخ و حاجی ئۆمەرانە. داهاتی باشماخ لەوەی ئیبراهیم خەلیل زیاترە، چونكە بەهۆی داگیركردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە داهاتی ئیبراهیم خەلیل كەمی كردووە، هەرچی داهاتی حاجی ئۆمەرانە 70% كەمی كردووە، داهاتی ناوخۆی سلێمانیش لە هەولێر زیاترە، بەڵام وەكو گوتم داهاتەكانی هەولێر دەچێتە وەزارەتی دارایی و لەوێ‌ بودجەی تەشغیلی و خەرجی وەزارەت و فەرمانگە و یەكە ئیدارییەكانی پێ دابین دەكرێت، هەروەها بۆ دابینكردنی مووچەش بەكاردێت.

رووداو: خەڵك هەیە لە هەولێر دەڵێ‌ مادام داهاتی پارێزگاكانی دیكە ناچێتەوە وەزارەتی دارایی، بۆ پارەی ئێمە بچێتەوە خەزێنەی گشتی و بۆ لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان خەرجی ناكەن؟

نەوزاد هادی: داهاتی سلێمانی نایەتەوە وەزارەتی دارایی لە هەولێر، مەعلومیشە كە داهاتەكە لە دەستی پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا نییە، بابەتەكە سیاسییە و ناشزانم چۆن خەرج دەكرێت.

رووداو: بەڵام لە سلێمانی گلەیی هەیە كە داهاتی ئەوان دێتەوە هەولێر و كەس نازانێت چی لێدێت، تۆش دەڵێی داهاتی سلێمانی نایەتەوە وەزارەتی دارایی؟

نەوزاد هادی: ئەولەویەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابینكردنی مووچەیە، داهاتی سەرەكی هەرێمی كوردستانیش لە فرۆشتنی نەوتە، زۆرینەی ئەو نەوتەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت لە سنووری پارێزگای هەولێرە، ئەو نەوتەی لە رێگای بۆڕی دەڕوات زیاتر لە هەولێر و كەركووك و دهۆكە و دەبێتە مووچە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان، ئەو گازەش لە چەمچەماڵ بەرهەم دەهێنرێت بۆ دابینكردنی كارەبایە لە هەولێر و سلێمانی. ئێمە بڕوامان بەو جیاوازییە نییە هەرێمی كوردستان یەك پارچەیە.

رووداو: ئەمساڵ نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكەن؟

نەوزاد هادی: وەزارەتی نەوتی عێراق بەرپرسیارە لە دابەشكردنی نەوتی سپی و پارێزگاكانیش بەرپرسن لە پلانی دابەشكردن. بەغدا نەوتی سپی ناداتە هاووڵاتیان و دەڵێت نەوت و پاڵاوگە لە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە پار ساڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان نەوتی دابینكرد و ئێمەش دابەشمان كرد.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پێیانڕاگەیاندین لەبەر پێویستی حكومەت بە دابینكردنی مووچە ناتوانن نەوتی سپی دابین بكەن. بۆیە لە رێگای كاك موعتەسەم بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی دابینكردنی نەوتین، ئەمەش بەشی پێداویستییەكانی ئێمە ناكات، بۆ ئەوەی بتوانین یەك بەرمیل نەوت بدەینە هەر خێزانێك لە سنووری پارێزگای هەولێر پێویستمان بە 100 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، سلێمانی پێویستی بە 110 ملیۆن لیتر هەیە، لە كاتێكدا هەموو ئەو نەوتەی كە بەغدا بڕیارە بۆ هەولێر، سلێمانی و دهۆك بینرێت نزیكەی 50 ملیۆن لیترێكە، ئەمەش تەنیا بەشی ناوچە شاخاوییەكان دەكات.

رووداو: خەڵكی سادە ئەو ژمارانە نازانێت، قسەكە ئەوەیە ئێوە ئەمساڵ نەوت دابین دەكەن؟

نەوزاد هادی: ناتوانین و زۆر زەحمەتە، چونكە پارێزگاكان نە نەوتیان هەیە نە بودجە تاوەكو لە بازاڕ بیكرن، ئەوەی هەیە لە وەزارەتی نەوتی عێراق دێت، ئەویش بەش ناكات.

رووداو: رەوشی كارەبا بۆچی لە هەولێر باش نییە لە كاتێكدا ئێرە پایتەختە؟

نەوزاد هادی: بەشێوەیەكی گشتی رەوشی كارەبای هەرێمی كوردستان لە وەرزی هاوین و زستاندا كە خەڵك زۆر پێویستی بە كارەبایە باش نییە، ئەمەش پەیوەندی بە دابینكردنی سووتەمەنی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە هەیە، ئەو وەزارەتە ئەولەوییەتی دابینكردنی بودجەیە بۆ مووچە و دەڵێ‌ ناتوانن زۆر سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابین بكەن، هەروەها كێشەمان لە گواستنەوەی كارەبا بە تۆڕەكان و بگۆڕەكان هەیە، ئەمەش پێویستی بە بودجە و پارە هەیە، ئێستا دۆخەكە بەم شێوەیە كە دەیبینی و قەیرانی دارایی هەیە، جگە لەوە هەولێر لە فراوانبووندایە، بەڵام هەوڵمانداوە لەگەڵ مۆلیدەكان ئەو كاتانەی هاووڵاتیان زۆر پێویستیان بە كارەبا هەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ كارەبای نیشتمانی، كارەبا بدەنە هاووڵاتیان.

رووداو: لە هەولێر ژمارەیەكی زۆر زەوی دابەش كراون كە هێشتا هەر كارتن، ئەو زەوییانە تاپۆ دەكەن؟

نەوزاد هادی: ئەمە پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانی هەیە، ئەوان بەرنامەیان هەیە زەوییە كارتەكان بكەنە تاپۆ و دەستیان پێكردووە، بەڵێ بڕیارە زەوییە كارتەكان، تاپۆ بكرێن.

رووداو: پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە دوای گوندی كۆری باس و خواسیان نەما، بۆچی؟

نەوزاد هادی: پڕۆژەكە بەردەوامە، بەڵام سست بووە، چونكە بڕیار بوو لە سندووقی نیشتەجێكردن بودجەی بۆ دابین بكرێت و بە قیست بدرێتەوە هاووڵاتیان و لە رێگای بانكەوە پارە دابین بكرێت، ئەم سندووقەش لەبەر قەیرانی دارایی نەماوە.

رووداو: لە هەولێر بەردەوام قەیرانی نیشتەجێبوون هەیە و كرێی شوقە و خانووش بەرزە، ژمارەی كرێچییەكان چەندن؟

نەوزاد هادی: ئامارێكی دروست لە بەردەستدا نییە بڵێین ئەوەندە كرێچییەمان هەیە، بوونی ئاوارەیەكی زۆری عێراق كە لە هەولێر شوقە و خانوویان بە كرێ‌ گرتووە، شوێنی كرێچییەكانیان گرتووە. بەڵام بوونەتە سەرچاوەیەكی داهاتیش بۆ خاوەن خانووەكان. جگە لەوە پرۆژەكانی وەبەرهێنان كە خەڵكی شارەكانی دیكەی عێراق لێرە شوقە و خانووی لێدەكڕن. ئێمە بەپێی دەستوور و یاسای عێراقی ناتوانین رێگرییان لێبكەین، تەنیا رێوشوێنی ئەمنییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

رووداو: لە وەرزی زستاندا هەولێر كێشەی ئاوەڕۆی هەیە، كەی چارەسەر دەكرێ‌؟

نەوزاد هادی: كێشەكە زۆرتر لە پردی سەیداوە و گڵكەندە، چارەسەری ئەوەمان كردووە، لە چوارچێوەی قەرزی ژاپۆنی بۆ عێراق لە ساڵی 2017دا پرۆژەی ستراتیژیی ئاوەڕۆی هەولێر جێبەجێ دەكرێ و كێشەی كۆبوونەوەی ئاو و لافاو نامێنێ.


كێ‌ پارێزگاری سلێمانییە؟

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت ئەوان مامەڵە لەگەڵ سەردار قادر، پارێزگای سلێمانی بە وەكالەت ناكەن، هێشتا هەر د.ئاسۆ فەرەیدوون بە پارێزگاری سلێمانی دەزانن. لە وەڵامدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتبووی ئەوان مامەڵە لەگەڵ نووسراوەكانی سەردار قادر دەكەن.

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لەو بارەیەوە دەڵێت "كاك سەردار قادر بە وەكالەت پارێزگارە، بەڵام بابەتی كێ‌ پارێزگاری سلێمانییە، پەیوەندی بە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆوە هەیە". سەبارەت بە پەیوەندیشیان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی، نەوزاد هادی دەڵێت "پێشتر لەگەڵ د.ئاسۆ فەرەیدوون پەیوەندیمان هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەو رووداو و گۆڕانكارییانە پەیوەندیمان نەماوە".
Rudaw-
Top