نرخی نەوت جێگیر نییە
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، ناجێگیرە و ئەمڕۆش نرخەکەی هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینی.
پێگەی (oilprice)ی جیهانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە (2016/10/18) لە سەعات (5:20)ی ئێوارە بە کاتی کوردستان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە (51) دۆلار (46) سەنت مامەڵەی پێوەکرا و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە (49) دۆلار و (95) سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمە لەکاتێکدا ئەمڕۆ، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بەرز بووەوە بۆ (52) دۆلار و (9) سەنت و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بەرز بووەوە بۆ (50) دۆلار و (53) سەنت، بەڵام ئەمشەو نرخەکەی ڕووی لە دابەزین کرد.
کۆتایی مانگی ڕابردوو وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپیک لە وڵاتی جەزائیر کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر سنووردارکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و دوای ڕێککەوتنەکەش بەماوەیەکی کەم نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە و چاودێرانی بواری ئابووریش پێشبینی دەکەن لە ئەگەری ڕێککەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەسەر سڕکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەکی فەرمی، کۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوت بگاتە سەرووی (65) دۆلار.
Bas News-
