گۆڕان ناوه‌ندى بڕیارى نامێنێ و دابه‌شى سه‌ر چه‌ند ئاراسته‌یه‌ك ده‌بێت
سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له دۆخى ناوخۆیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان راى گه‌یاند، گۆڕان هاوشێوه‌ى یه‌كێتى دابه‌شى سه‌ر چه‌ند ئاراسته‌یه‌ك بووه و به‌و هۆیه‌شه‌وه جڤاتى نیشتمانیى ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه كه ئێستا سه‌ركردایه‌تیى گۆڕان ده‌كات، تواناى بڕیاردانى نه‌ماوه.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، سه‌ركرده‌كانى ئه‌و حزبه له‌دوورى و غیابى نه‌وشیروان مسته‌فادا ترسیان له بڕیاردان هه‌یه، كه به‌هۆیه‌وه كێشه ناوخۆییه‌كانى گۆڕان بته‌قنه‌وه و ئۆباڵه‌كه‌ى بخرێته ئه‌ستۆى ئه‌وان.
سه‌رچاوه‌كه راشى گه‌یاند، ئێستا گۆڕان دابه‌شى سه‌ر چه‌ند ئاراسته‌یه‌كى جیاواز بووه، له‌وانه سه‌ركرده‌كانى كۆنى یه‌كێتى، كه به‌رده‌وام چاویان له‌وه‌یه ده‌ست به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌دا بگرن، له‌به‌رامبه‌ر به‌وانیش ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتارى ئێستا و پێشووى ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ گه‌نجه‌كان، كه پێیان وایه گۆڕان به تواناى ئه‌وان دروست بووه.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد، بڕیارنهدانى گۆڕان له‌باره‌ی مانه‌وه یان كشانه‌وه له حكوومه‌ت و نه‌بوونى هه‌ڵوێستى فه‌رمیى گۆڕان له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربوونى هه‌ردوو باڵه‌كه‌ى یه‌كێتی له ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان و پابه‌ندنه‌بوونیان به هیچ خاڵێكى رێككه‌وتنه‌كه و پرسى داهاتى سلێمانى و دهستبهكارنهبوونى هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر وه‌كو پارێزگارى سلێمانى، كه چه‌ند پرسێكى گرنگن بۆ گۆڕان كه بڕیاڕیان له‌باره‌وه بدات، به‌ڵام گۆڕان له‌ناو خۆیدا به‌هۆى دابه‌شبوونى به‌سه‌ر چه‌ند ئاراسته‌یه‌كى جیاواز، تواناى یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسانه‌ى نییه.
به گوته‌ى سه‌رچاوه‌كه، له‌ماوه‌ی ئه‌م دوو سێ ساڵه‌ی ڕابردووش‌دا كاتێك نه‌وشیروان مسته‌فا دوو جار سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی كردووه، بڕیاری داوه‌ته ده‌ست جڤاتى نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌كه‌ى، به‌ڵام نه نه‌وشیروان مسته‌فا و نه سه‌ركرده‌كانى گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه له‌به‌ر راى ناكۆك و جیاواز هیچ بڕیارێكیان پێ نه‌دراوه.
سه‌رچاوه‌كه زیاتر روونیشی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕیارێك له گۆڕاندا بدرێ و به دڵى سه‌ركرده ناڕازییه‌كانى پێشووى گۆڕان كه له یه‌كێتییه‌وه بوون به گۆڕان، وه‌كو قادرى حاجى عه‌لى و عوسمانى حاجى مه‌حموود و سالار عه‌زیز نه‌بێ، ئه‌وا ئه‌وان نیگه‌ران ده‌بن و ئه‌گه‌ریش پێچه‌وانه‌ى خواستى گه‌نج و هه‌ندێ له په‌رله‌مانتاره‌كانى پێشوو و ئێستاى گۆڕان بێت، ئه‌وا ئه‌مانیش تووڕه ده‌كات، له‌و دۆخه‌دا گۆڕان تواناى بڕیاردانى نه‌ماوه.
به‌ڵام عومه‌ر عینایه‌ت، په‌رله‌مانتارى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ (باس) راى گه‌یاند، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فا له‌لاى سه‌ركرده‌كانى گۆڕانه و ئه‌وان ده‌توانن بڕیار بده‌ن، گوتى: "ئێستا دونیا بچووك بووه‌ته‌وه و نه‌وشیروان مسته‌فا قسه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و گۆڕان له‌م ڕووه‌وه كێشه‌ى نییه".
له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كانى گۆڕان و یه‌كێتى به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ ناوه‌ندى بڕیار تا دێت ئاڵۆزتر ده‌بێ، كه به‌پێى زانیارییه‌كانى (باس) كه له سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له ناوه‌ندى بڕیارى یه‌كێتییه‌وه پێی دراوه، رۆژى هه‌ینى رابردوو قادر حه‌مه‌جان، سه‌ركرده‌ى ناوه‌ندى بڕیارى یه‌كێتى له په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا، كه نه‌وشیروان مسته‌فا له به‌ریتانیاوه پێوه كردووه و داواى لێ كردوون بڕۆن بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى، به‌ڵام قادر حه‌مه‌جان به توانجه‌وه به نه‌وشیروان مسته‌فاى گوتووه ئێوه باشتر له هه‌مووان له كێشه‌كان ده‌گه‌ن و ده‌زانن كه مه‌به‌ست له‌و كۆبوونه‌وه‌یه چییه و كێشه‌كانى یه‌كێتى كێ هۆكاریانه، باشتریش وایه ئاگادارى دۆخى بزووتنه‌وه‌كه‌تان بن وه‌كو یه‌كێتیى به‌سه‌ر نه‌یه‌ت.
پێشتریش رێكه‌وت زه‌كى، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌و ژمارانه‌ى عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، په‌رله‌مانتارى گۆڕان له‌سه‌ر داهاتى سلێمانى بڵاوی كردبوونه‌وه راى گه‌یاندبوو، گۆڕان كێشه‌ی ناوخۆیی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئێمه دوو باڵ بین، ئه‌وا گۆڕان سێ باڵه، به‌ڵام شاراوه‌یه و باس ناكرێت، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى گۆڕان سه‌ر به باڵێكه و ده‌یانه‌وێت سه‌ردار قادر، پارێزگاری سلێمانی به‌وه‌كاله‌ت لاواز نیشان بده‌ن.
لاى خۆشیانه‌وه شاڵاو عه‌لى عه‌سكه‌رى، وته‌بێژى فه‌رمیى ناوه‌ندى بڕیارى یه‌كێتى له ژماره‌ى هه‌فته‌ى رابردووى (باس)دا كه چه‌ند رۆژێك پێش كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى بوو، راى گه‌یاند، ناوه‌ندى بڕیارى یه‌كێتى بڕیارى كۆتایی داوه كه به‌شدارى له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ناكات.
باسنيوز
