باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بە کۆنگرە باڵی ناوەندی بڕیار دوور دەخاتەوە

 باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بە کۆنگرە باڵی ناوەندی بڕیار دوور دەخاتەوە
لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتیدا، باسی ئەوە کراوە کە (باڵی ناوەندی بڕیاری یەکێتی) لە رێگەی ئەنجامدانی کۆنگرەوە لە یەکێتی دوور بخرێتەوە، بەڵام سەرکردەیەکی یەکێتی ئاماژە بەوە دەدا، نایانەوێ یەکێتی دوو کۆنگرە بکات و لەبەر ئامادەنەبوونی ناوەندی بڕیار لە کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتی، ئەو پرسەیان دواخستووە.



سەرچاوەیەکی ئاگادار رای گەیاند، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی لە رۆژی شەممەی رابردوو کە باڵی ناوەندی بڕیار شەرعیەتی پێ نەدا، پێشنیاری ئەوە کراوە کە باڵی ناوەندی بڕیاری یەکێتی لە رێگەی ئەنجامدانی کۆنگرەوە، کۆتاییان پێ بھێنرێت و لە یەکێتی دوور بخرێنەوە، بەڵام مەلابەخیتار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ئەوەی قبووڵ نەبووە و پێداگریی لەوە کردووە کە گفتوگۆ و دانیشتن لەنێوان ھەردوو باڵەکەی یەکێتی بەردەوام بێت، تا گەیشتن بە چارەسەری دروست.



مەلابەخیتار گوتوویەتی: "یەکێتی بەرگەی ئینشقاقێکی تر ناگرێت، ئەگەر باڵی ناوەندی بڕیار جیا ببنەوە، ئەوا یەکێتی زۆر لاواز دەبێت و تەنانەت دەنگەکانی گۆڕانیش دەچێت بۆ ناوەندی بڕیار".



فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە بەشداریی لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی باڵی زۆرینەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتا کردووە، بۆ (باس) رای گەیاند، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی باسکردن بووە لە ئەنجامدانی کۆنگرە، بەڵام لەبەرئەوەی باڵی ناوەندی بڕیار ئامادەییان نەبووە لە کۆبوونەوەکە، باس لەو تەوەرە نەکرا، گوتی: "دەمانەوێ کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش بکەین لەنێوان ھەردوو باڵەکەی یەکێتی و لەوێدا لەسەر کۆنگرەی یەکێتی رێک بکەوین، چونکە نامانەوێ یەکێتی دوو کۆنگرە بکات".



بەڵام مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە باڵی ناوەندی بڕیار بە بەشی کوردیی دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە: "ئەم کۆبوونەوەیە، کۆبوونەوەیەکی ناشەرعی بوو، کۆبوونەوەی پینەوپەڕۆ بوو، بەداخەوە نەدەبوو مەلابەختیار رێگەی بە خۆی بدایە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکە بکات".



مەحمود سەنگاوی، گوتووشیەتی: "ئێمە لە ناوەندی بڕیار نەوشیروان مستەفا نین، ھەر وا بەئاسانی یەکێتی بەجێ بھێڵین".



بەپێی زانیارییەکان، ئەو پرسە، باڵی ناوەندی بڕیار بەتایبەتی کۆسرەت رەسووڵی تووڕە و نیگەران کردووە و بڕیاری داوە دەرگاکان بە رووی ناوبژیوانانی نێوانیان لەگەڵ باڵی ھێرۆ ئیبراھیم دابخات، ھەر ئەوەش ھۆکاری ئامادەنەبوونی کۆسرەت رەسووڵ بووە بۆ بینینی عەتا سەراوی.



لای خۆشیانەوە عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەدا ئاشکرای کردووە کە کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی حزبەکەی، ئامادە نەبووە بیبینێت.



لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە دەکات کە سەرجەم ئەو کۆبوونەوانەی لەنێوان (باڵی ناوەندی بڕیاڕ) و (زۆرینەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی)دا ئەنجام دراوە، لەلایەن ئەوەوە ڕێکخراوە، بەڵام لە دوایین کۆبوونەوەدا کۆسرەت ڕەسووڵ ڕازی نەبووە کە سەردانی ماڵەکەی بکات و لەگەڵیدا دابنیشێت.








باسنیوز
Top