گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا: له باشیک ناکشێینەوه

گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا: له باشیک ناکشێینەوه


جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا و گوتەبێژی حکوومەت، "نوعمان کورتوڵموش" رایگەیاند: ''تورکیا ھەر لەسەرەتاوە درێژەی بەئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات داوە و ھەنگاو بەھەنگاو بەرەو ئەو خاڵەی ئامانجییەتی روو لەپێشڕەوییە. دوایین جار بەکۆنترۆڵکردنی دابق، بەتایبەت لە سنوورەکانی باشوور و ئەوەی کە پەیوەندیی بە کلیسەوە ھەیە، ئارامییەکی بەرچاو دەبینرێت. تا ئێستا ھەزار و ٢٥٠ کیلۆمەتر دووجا لەلایەن ھێزەکانی سوپای سووریای ئازادەوە بە پشتیوانیی تورکیا، لەرێکخراوی تیرۆریستیی پاککراوەتەوە''.



گوتیشی: "با کەس رەوشی ناھەمواری ئێستا نەقۆزێتەوە و بە ھیچ شێوەیەک لەوێوە بوار نەدات بە پەرەپێدانی سیاسەتی مەزھەبی یان نەژادی. بابەتی مووسڵ، بابەتێکە کە بە گرنگی و زۆر ھەستیارییەوە چاودێریمان کردووە. تورکیا پلانی B و C بۆ مووسڵ ھەیە. ھەڵوەستە لەسەر ئەوە دەکەین کە لەم ناوچەیەدا جیاکاری زیاتری مەزھەبی نەکرێت و سیاسەتی نەژادی لە ناوچەکەدا باڵادەست نەبێت".



نوعمان کورتوڵموش ئاماژەی بەوەشکرد یەکێک لەو بابەتە بەرجەستانەی وا دەکات ئێمە پەیوەندییان بەمووسڵەوە ھەبێت، بوونیانە لەباشیک و گوتی: ''بوونی ھێزەچەکدارەکانی تورکیا لەباشیک، ژمارەیەک لەسەربازانمان لەوێ بوونیان ھەیە. تورکیا ھەرگیز واز لەبوونی سەربازیی خۆی لەوێ ناھێنێت. ھەرکاتێک پێویستی بەبوونی تورکیا لەوێ بەمەبەستی راھێنان و مەشقپێکردن، پاراستنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە، نەما و دۆخی ئەوێ بەتەواوەتی چاک بوو، ئەوکات تورکیا لەوانەیە چاو بەدۆخەکەدا بخشێنێتەوە و بەڵام لەمڕۆ بەدواوە واز لەبوونمان لەباشیک ناھێنین''.



ھەروەھا گوتی: "ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکەی مووسڵ بەشێوەیەکی گونجاو و رێک و پێک ئەنجامبدرێت، ئەوا ھیچ شەپۆلێکی کۆچ روونادات. لە مووسڵدا ئۆپەراسیۆن بە ھەڵە ئەنجامدەدرێت، ئەگەر لەوێ ھەندێک ھێزی میلیشیا دەھێنن کە ھیچ پەیوەندییان بە مووسڵەوە نەبێت و بەشداریان پێبکرێت، ئەوا رەنگە شتی زۆر جیاواز لە موسڵ رووبدەن. ئەوەش بە واتای بارێکی دیکە دێت بەسەر ئاشتیی ناوچەکەدا، ئەگەر ئاشتیی نەمێنێت، ئەوا بەواتای شەپۆلێکی دیکەی کۆچ دێت بۆ تورکیا".



لەبارەی درووستکردنی ناوچەی ئارامەوە جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند: ''ئاسایشی ئەم ناوچانە دەکرێت کۆدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەسەربێت، واتە ئەگەر بێت و مرۆڤەکان لەکەمپەکاندا کۆبکەنەوە و دواتر یەکێک بێت و بەفڕۆکە بۆردوومانی ئەو کەمپانە بکات و ئەم کارەش ببێتە ھۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس، ئەو کاتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ناتوانێت بچێتە ژێ لێپرسراوێتییەکی لەوجۆرەوە. لەبەرئەوە ئێمە وەک تورکیا لەرووی کردەییەوە ناوچەیەکی ئارام درووستدەکەین و دواتریش پشتیوان بەخوا بابەتی درووستکردنی کەمپێک لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانیی دەکرێت''.
Payamner-
Top