سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ لەسەر هەشت بەڕێوەبەری نوێ دەدات

  سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ لەسەر هەشت بەڕێوەبەری نوێ دەدات
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەردەوامە لە گۆڕانكاری لە یەكە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، رۆژی سێ شەممە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆدەبێتەوە و هەشت بەڕێوەبەری نوێ دەگۆڕدرێن و دەنگیان لەسەر دەدرێت، ئەگەر دەنگی پێویستیان هێنا دەبنە بەڕێوەبەری نوێ. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەرنامەمان ئەوە بووە گۆڕانكاریەكی بنەڕەتی لە فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێم بكرێت، لە داهاتوویشدا بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری گشتی دەگۆڕدرێن، ئێدی پرۆسەكە دەستی پێ كردووە و بەردەوامیش دەبێت.


كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ "هەولێر" گوتی: ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەردەوامە لە گۆڕانكاری لە یەكە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە بە نووسراوی فەرمی ئەنجوومەنی پارێزگا لە دانانی هەشت بەڕێوەبەری شارەدێ ئاگادار كراوەتەوە و ناوی هەشت كەس وەك پاڵێوراو بۆ پۆستی هەشت شارەدێ رەوانەی ئەنجوومەن كراوە، رۆژی سێ شەممە ئەنجوومەنی پارێزگا كۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر ئەو بەڕێوەبەرانە دەدات، ئەو هەشت ناوەی پێمان گەییشتوونە، ئەگەر دەنگی پێویستیان هێنا دەبنە بەڕێوەبەری نوێ.


گوتیشی: ئالوگۆڕیش بە چەند بەڕێوەبەرێك دەكرێت، بەڵام ئەوە لە دەسەڵاتی پارێزگاردایە، كە ئەوان چۆن بە پێویست دەزانن بەو شێوەیە ئالوگۆڕیان پێ دەكرێت، چونكە گۆڕانكاری و گواستنەوە لە دەسەڵاتی پارێزگاردایە، دانان و لادانیان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەندایە.


خەیلانی، روونیشیكردەوە، بەرنامەی لیستی پارتی هەر لە سەرەتاوە ئەوە بووە کە پێویستە گۆڕانكاریەكی بنەڕەتی لە فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێم بكرێت، ماوەیەكە ئەو پرۆسەیە دەستی پێ كردووە، پێشتر قایمقامەكان گۆڕدران، لە داهاتوویشدا بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری گشتی دەگۆڕدرێن، ئێدی پرۆسەكە دەستی پێ كردووە و بەردەوامیش دەبێت.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە دەست "هەولێر" كەوتوونە پۆستی بەڕێوەبەری شارەدێیەكانی "حاجیئۆمەران، قەسرێ، سمیلان، وەرتێ، سیدەكان، هەریر، هیران و كەورگۆسك" دەگۆڕدرێن، كاندیدەكان پێكهاتوون لە "ئیدریس سەباح بۆ بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، فەیسەڵ حوسێن بۆ شارەدێی سمیلان، ئیحسان قادر بۆ شارەدێی قەسرێ، فرزنگ ئەحمەد بۆ شارەدێی سیدەكان، ئەمیر رەسووڵ بۆ شارەدێی وەرتێ، سامان عەزیر بۆ شارەدێی هەریر، سەروان حاجی بۆ شارەدێی هیران، حامد ئیسماعیل بۆ شارەدێی كەورگۆسك".


شایانی باسە، لە ماوەی رابردوودا گۆڕانكاری لە هەریەك لە قایمقامی خەبات، شەقڵاوە، ڕواندز و چۆمان كرا و كەسانی تازە لەو پۆستانە داندران".
Hawler-
Top