لە دوو ساڵی رابردوودا ١٩ جار هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر پێشمەرگە
رۆژنامەی "گاردیانی" بەریتانی بڵاوی کردەوە، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لەوانەیە پێش کۆتایی ئەم هەفتەیە دەست پێبکات و هیشتا کۆمەڵێک کێشە یەکلایی نەبوونەتەوە. حکوومەتی عێراق سەرووی دوو ساڵە لەگەڵ ئەم کێشەیە بەرەوڕوویە. داعش تاوانی جینۆساید و کۆمەڵێک تاوانی تری دژی پێکهاتەکان ئەنجام داوە.
هێزەکانی عێراق رووبەرێکی فراوان لەو ناوچانەیان رزگار کردووە کە پێشتر داعش کۆنترۆڵی کردبوون و ئێستەش دەیەوێت شەڕی کۆتایی و یەکلاکەرەوە دژی چەکدارانی داعش ئەنجام بدات. پێشبینی دەکرێت لە باشووری مووسڵەوە پێشمەرگەش هاوکاری بکات، راوێژکارانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنساش لەسەر زەوی هاوکاری پێشمەرگە دەکەن و پێشمەرگەکان رۆڵێکی گرنگیان دەبێت لە هەماهەنگیان لەگەڵ هیزەکانی ئاسمانی بۆ هێرشی ئاسمانی و دەستنیشانکردنی ئامانجەکان لە نێو شاری مووسڵ.
ژمارەی چەکدارانی داعش لە نێو شاری مووسڵ بە شەش هەزار چەکدار دەخەمڵێنرێت هاوکات سەرچاوەکە ژمارەی دانیشتووانی ئێستەی مووسڵی بە ٦٠٠ هەزار کەس هەژمار کردووە و پێشبینی ئەوەشی کردووە لەکاتی دەست پێکردنی جەنگەکە هەموویان بەرەو دەرەوەی شارەکە رابکەن.
شەپۆلی نوێی ئاوارەکان و رێکخستنیان و داڵدەدانیان زۆر لە شەڕەکە قورستر دێتە بەرچاو، حکوومەت و ئاژانسەکانی بواری مرۆیی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دوایین هەوڵەکانی خۆیان بەگەڕخستووە بۆ ئەوەی لە کاتی دەستپێکردنی جەنگەکە لە ئاستی کێشەکەدابن.
رێکخراوی پاراستنی منداڵان یەکێکە لەو رێکخراوانەی کە لە نزیک مووسڵ لە چالاکی دایە. رێکخراوەکە باسی لەوە کرد کە ژمارەیەک ئاوارە کە لە گەشتێکی سەختدا ویستوویانە لە مووسڵەوە بگەنە یەکێک لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە باشووری شارەکە گیانیان لەدەست داوە.
ئارام شاکەرەم جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوەکە لە عێراق گوتی منداڵانی حەویجە لە لێواری مەرگدان، خەریکە خۆراک بە تەواوی لە شارەکە دەبڕێت و ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر منداڵەکانی ئەو شارە، ئەوان بە پێی رووتی روو لە چیاکان دەکەن کە مەترسی مینەکان و چەکدارانی داعشیان لەسەرە و زۆر تینوو و برسین.
ئەو دەڵێت "تیمەکەی ئێمە ئافرەتێک و منداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵانی دۆزییەوە کە مردبوون لە کاتێکدا تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە بنکەکانی هاوکارییەکانی ئەوان دوور بوون."
بە گوێرەی نەخشەیەک کە رۆژنامەی گاردیان بڵاوی کردووەتەوە، نزیکەی ٤٥ هەزار سەربازی عێراقی لە نزیک فڕۆکەخانەی گەیارە ئامادەن بۆ ئەوەی رووبەڕووی چەکدارانی داعش ببنەوە. هەروەها لە نەخشەکە ئەوە خراوەتەڕوو کە حەویجە بە تەواوی گەمارۆ دراوە و مووسڵیش تەنیا ئاراستەیەکی کراوەیە و ئاراستەکانی تری شارەکە لە باکوور و رۆژهەڵات و باشوورەوە بە تەواوی گەمارۆ دراوە.
سەرەڕای ئەوەی کە هێزەکانی هاوپەیمانان پارێزگارییان لە پیشمەرگە کردووە هێشتا هاویشتنی هاوەنەکانی داعش بەرەو پێشمەرگە بەردەوامە. جگە لەمە داعش بە هەزاران بۆمبی چێنراوی لەسەر رێگاکان و گوندەکان داناوە کە کاریگەرییان بۆ سەر خاوکردنەوەی پێشرەوی هەیە و هەر ئەوەش لەوانەیە ببێتە هۆکارێک کە ئۆپەراسیۆنەکە نزیکەی مانگێک درێژە بکێشێت.
داعش هەروەها گازی قەدەغەکراوی بە دژی پێشمەرگە بەکار هێناوە و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا پێشمەرگە ١٩ جار هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر. بە گوێرەی سەرچاوەکان، پسپۆڕانی چەکی کیمیایی و شارەزایانی چەکی کیمیایی کە لە نێو داعشدابوون، یان کوژراون یان گیراون بەڵام دیسان دەبێت ئەگەری ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە داعش دووبارە هێرشی کیمیایی بکاتە سەر هیزەکان.
بە گوێرەی خەمڵاندنی رێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان ئێستا ٧٠٠ هەزار ئاوارەی مووسڵ پێویستییان بە یارمەتی هەیە و لانی کەم ٦٠٠ هەزار ئاوارەی تر دوای هەڵاتن پێویستییان بە هاوکاری مرۆیی دەبێت.
hAWLER-
