دوای كۆنتڕۆڵكردنی 9 گوند پێشمەرگە پێشڕەوییەكانی راگرت
هێزەكانی پێشمەرگە لە یەكەم قۆناغی دەستپێكردنی رزگاركردنی موسڵدا ئەمڕۆ تەواوی ئەو 9 گوندەیان كۆنتڕۆڵ كرد كە لەپلانەكەیاندا هەبوو، دواتریش پێشڕەوییەكانیان راگرت.
نزیكەی كاتژمێر 06:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ پڕۆسەیەكی فراوانی هێزی پێشمەرگە لە خازر لە رۆژهەڵاتی موسڵ، بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوپای عێراق لە گوێڕ و گەیارە لە باشووری موسڵ دەستیپێكرد، وەك قۆناغی یەكەمی پڕۆسەی رزگاركردنی موسڵ لە دەست داعش، 9 گوند دیاریكرابوون بۆ كۆنتڕۆڵكردنیان لەلایەن پێشمەرگەوە.
مقەدەم رەشید عەبدولڕەحمان ئەندامی فەوجی هێزی زێرەڤانی لەخازر كە بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆی كردووە بەخەندانی راگەیاند"لەهەنگاوی یەكەمی پڕۆسەی كۆنتڕۆڵكردنەوەكەدا 9 گوند كۆنتڕۆڵكراونەتەوە، پێشمەرگە چووەتە ناو هەموو ئەو گوندانە".
ئەو فەرماندەیەی هێزی زێرەڤانی ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی گوندەكان زۆرنو خانوەكانی ناویان زۆرن، هێشتا هەموو ماڵەكان نەپشكنراون، "بەڵام هیچ تەقەیەكی چەكدارانی داعش لەناو گوندەكاندا نەماوە".
لەو ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە چوار هەزار پێشمەرگە لە سێ میحوەرەوە دەستیانكرد بە پاككردنەوەی گوندەكانی دەوروبەری ناوچەی خازر، بەپێی ئەو رێككەوتننامەیەی لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عیراقدا هەیە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆش مەسعود بارزانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەمیحوەری خازر رایگەیاند"تائێستا زیاتر لە 200 كیلۆمەتر چوارگۆشە رزگاركراوەو ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆ قۆناغی یەكەمە لەشەڕی رزگاركردنی موسڵ".
موسڵ دووەم گەورەترین شاری عیراقەو لەناوەڕاستی ساڵی 2014 ەوە كەوتۆتە دەست چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بەداعش.
مقەدەم رەشید وتی"لەئێستادا هێزەكانی پێشمەرگە لەگوندی شاقوڵە نیشتەجێن، بەرانبەر مەفرەقی حەمدانیە بەدوری چوار كیلۆمەتر لەمەفرەقەكەوە وەستاوین".
هاوكات عەمید میقداد وائیل فەرماندەی هێزی پشتیوانی یەك لەمیحوەری خازر كە بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆی كردووە بۆ خەندان تەئكیدی كردەوە لەئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆدا 9 گوند ئازادكراون، "لەئێستاشدا ئۆپەراسیۆنەكە راگیراوە".
عەمید میقداد ئەوەشی خستەڕوو هێزی پێشمەرگە هەتاوەكو گوندی شاقوڵی رۆیشتووە كە یەك كیلۆمەتر لەمەفەرقی حەمدانیەوە دوورە.
"ئەو گوندانەی كە ئازادكراون بەشێكی زۆریان پێشمەرگە چووەتە ناویان، بەڵام هێشتا مەترسی هەیە لەوەی گوندەكان تەقینەوەو بۆمبیان تێدا دانرابێت"، عەمید میقداد وای وت.
Xandan-
