سه‌رجه‌م هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌خرێنه‌ نێو سیسته‌می ئه‌لیكترۆنیی بایۆمه‌تری

سه‌رجه‌م هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌خرێنه‌ نێو سیسته‌می ئه‌لیكترۆنیی بایۆمه‌تری
ئه‌مرۆ كه‌ریم شنگالی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌كاله‌ت ، پێشوازی له‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری كرد ، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كیشدا كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی و ژماره‌یه‌ك له‌ پله‌دارانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌یبوون ، به‌گه‌رمی پیرۆزبایی له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان گه‌لی كوردستان كرا به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ڕزگاركردنه‌وه‌ی شاری موسڵ ، كه‌ ئه‌مرۆ پلانه‌كه‌ به‌سه‌ركه‌وتووی به‌هه‌ماهه‌نگی هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوانه‌ جێبه‌جێكرا .

پاشان كۆبونه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت ته‌رخانكرا بۆ چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی بایۆمه‌تری تۆماری ئه‌لكترۆنی كۆی كارمه‌ند و ئه‌فسه‌رانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان .

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌وردی تیشك خرایه‌ چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌ و میكانزمه‌كانی پێویستی پرۆژه‌كه‌ ، كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا به‌ تۆماری ئه‌لكترۆنی سه‌رجه‌م هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بێ جیاوازی ده‌ست پێ ده‌كان ، هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بریاردرا له‌سه‌ر پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك له‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كه‌ی حه‌فتا و هه‌شتا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بخرێنه‌ نێو ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا بخرێنه‌ سه‌ر سیستمی پێشكه‌وتووی ئه‌لكترۆنی ناسراو به‌ بایۆمه‌تری .

له‌ كۆتای كۆبونه‌وه‌كه‌دا وێرای هیوا خواستن بۆ به‌رده‌وامی سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ، پرۆسه‌ی به‌ ئه‌لكترۆنیكردنی كارمه‌ندانی حكومه‌تی هه‌رێمی گوردستان له‌ هه‌موو دام و ده‌زگا و وه‌زاره‌ته‌كان به‌ گرینگ وه‌سفكرا له‌ پێناو زیاتر به‌ سیستم كردنی ئیشوكاره‌كان و هه‌نگاونان به‌ره‌و حكومه‌تێكی پێشكه‌وتووی ئه‌لكترۆنی به‌ڕێوه‌بردن .
Kurdistan-
Top