بەڕێوبەری دابەشکردنی سووتەمەنی ھەولێر: دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ھاووڵاتیان بەردەوامە
مستەفا تەھا جەبار بەڕێوبەری دابەشکردنی سووتەمەنی ھەولێر، ڕایگەیاند: "دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ھاووڵاتیان بەردەوامە، لە حاجی ئۆمەران و چۆمان ھەر خێزانێک بەرمیلێک نەوتی سپی پێدراوە و پڕۆسەکە تەواو بووە و دەست دەکرێت بە دابەشکردنی نەوت لە قەسرۆک و ناوچەکانی تر".
مستەفا تەھا، گوتیشی: "پرۆسەکە نەوەستاوە و بەردەوامە تا دەگاتە نێو شاری ھەولێر، چەندە نەوتمان ھەبێت ئەوە بەسەر ھاووڵاتیانی دابەش دەکەین و پەلەی لێ دەکەین".
بەڕێوبەری دابەشکردنی سوتەمەنی ھەولێر ئاشکراشی کرد، "بڕیاروایە بڕە نەوتێکی تر لە بەغداوە بگاتە ھەولێر و دوای ئەوە دابەش دەکرێت، لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر ھەوڵ بەردەوامە بۆ زیادکردنی بڕە نەوتەکە و لە بەغداشەوە بەڵێنی زیاترکردنی بڕەکەی دراوە".
بۆ دابەشکردنی یەک بەرمیل نەوت بۆ ھەر خێزانێکی سنووری پارێزگای ھەولێر، دەبێت 100 ملیۆن لیتر نەوت ئامادە بکرێت.
باسنیوز
