دوو كەمپی نوێ لە هەولێر بۆ ئاوارەكان دەكرێتەوە
بۆ كۆكردنەوە و نیشتەجێكردنی ئەو ئاوارە تازانەی بەهۆی شەڕی ئازادكردنی شارەكەیان ئاوارە دەبن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی پەنابەرانی پارێزگای هەولێر و كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئامادەكاری تەواو بۆ وەرگرتنی ئاوارەكان دەكەن.
لەمبارەیەوە، موسا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند: "پێش پڕۆسەی ئازادكردنی شاری مووسڵ ئامادەكاریی تەواومان كردوە، تاكو ڕێژەیەكی زۆری ئاوارەكان لە هەردوو كەمپی (خازر و حەسەن شام) لە سنووری پارێزگای هەولێر وەربگرین، ئامادەكارییەكانیشمان ئێستاكە تەواوبوەو چاوەڕوانی هاتنی ئاوارەكانین".
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی ڕوون كردەوە: "لەسەروبەندی ئامادەكارییەكاندا لایەنی ئەمنی ئامادەن بۆ پشكنین و چاودێریكردنی ئەو ڕێژە زۆرەی ئاوارە، كە پێشبینی دەكرێت ڕوو لە هەردوو كەمپەكە بكەن، بۆیە ئێستا هەزار پەناگە لەكەمپی حەسەن شام ئامادەكراون".
گوتیشی: "چێشتخانەیەك بۆ دروستكردنی ژەمەخواردنی گەرم ئامادەكراوەو سەرجەم پێداویستیە خۆراكیەكان لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانیەوە ئامادەكراون، جگەلەمەش تیمی مرۆیی و تیمە خۆبەخشەكانیش لە ئامادەباشی تەواودان".
باسنيوز
