بارزانی: سەرکەوتنی گەورە بەدەست هاتووە
کەمێک لەمەوبەر، مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە میحوەری خازر، لە میانی بەسەرکردنەوەی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە ئەنجامی دا، ڕای گەیاند: ”ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە، وەرچەرخانێکە لە شەڕی دژی تیرۆر کە ماوەیەکی دوور و درێژ بوو چەندین کۆبوونەوە ئەنجام درا لەنێوان سەرکردە سەربازییەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا تاوەکوو بگەینە پلانێکی هاوبەش بۆ ڕزگارکردنی مووسڵ“. ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”پێش ماوەیەک سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ عەبادی کۆبووینەوە، بڕیار درا پێکەوە دەست بە ئۆپەراسیۆنەکە بکەین، ئەمڕۆ سەعات 6ی بەیانی کە 17ی ئۆکتۆبەرە، ئۆپەراسیۆنەکە دەستی پێکرد و تائێستا سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەست هاتووە“.
بارزانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەوەی ئاشکرا کرد: ”تائێستا 200 کیلۆمەتری چوارگۆشە کۆنتڕۆڵ کراوەتەوە، ئەوە قۆناغی یەکەمە بۆ ڕزگارکردنەوەی مووسڵ. لە ڕۆژهەڵات و باشووری مووسڵ بە هاوبەشیی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستی پێ کردووە“. گوتیشی: ”لێرە پێویستە سوپاسی هاوپەیمانان بکەم بۆ ئەو پشتیوانییەی کە بۆ ئۆپەراسیۆنەکە کردوویانە. دەستخۆشی لە سەربازانی سوپای عێراق و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم کە ئەمڕۆ بە قارەمانانە ئەرکەکەیان ئەنجام دا و زیانێکی کوشندەیان بە داعش گەیاند“.
سەبارەت بە شەڕکردنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەدژی داعش، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد: ”یەکەمجارە خوێنی پێشمەرگە و سەربازی عێراقی لە شەڕێکی وا کە دژی تیرۆریستانی داعشە، تێکەڵ دەبێت. ئێمە ئومێد دەکەین کە ئەمە ببێتە بناغەیەکی بنەڕەتی بۆ پەیوەندیی ئایندەمان لەگەڵ بەغدا. ئومێدەوارین کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بەسەرکەوتوویی تەواو دەبێت و مووسڵ ڕزگار دەکرێت، بەڵام مانای وانییە کە کۆتایی بە تیرۆر و تیرۆریستان دێت. ئەمە ئەزموونێکی زۆر باش و وانەیەکی بەنرخ دەبێت، بۆ ئەوەی لەمەودوا گرفتەکان بە گیانی هاوکاری و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکەین. لەمەودوا دەبێت هاوکاریی تەواو لە نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان هەبێت“.
دڵنیاییشی بە خەڵکی مووسڵ دا و ڕای گەیاند: ”ئێمە خەڵکی مووسڵ دڵنیا دەکەینەوە کە پێکەوە (پێشمەرگە و سوپای عێراق) هەموو هەوڵێک دەدەین کە هیچ زیانێکیان پێ نەگات و هیچ تۆڵەیەک نەکرێتەوە، ئەوان بۆ ژیانێکی پڕ لە سەروەری بگەڕێنەوە و لەو زیندان و زوڵمەتەی تێی کەوتبوون، ڕزگاریان ببێت“.
لە کۆتاییشدا سەرەخۆشی لە شەهیدانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرد و هیوای چاکبوونەوەی بەپەلەی بۆ برینداران خواست.
باسنيوز
