پەرلەمانتارێکی پارتی: هەموو هەوڵێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ یوسف محەمەد دەدەین
دوای ڕاگەیاندنی هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی نێوان یوسف محەمەد و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە شاری سلێمانی، عەباس غەزاڵی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، ڕاگەیاند: یوسف محەمەد شەرعیەتی خۆی لەدەست داوە، ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی مامەڵەی لەگەڵدا ناکەین، پەرلەمانیش لە هەولێر و بارەگای پەرلەمانی کوردستانە، هەر کاتێک سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان پێکهێنرا، ئێمە بەشداریی هەموو چالاکییەک دەکەین، هەموو هەوڵێکیش بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانێکی بەبێ یوسف محەمەد دەدەین”.
دووپاتیشی کردەوە کە ئەوان هەوڵەکانیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی مەرامی حزبی دەدەن.
لە بەرامبەردا، هەورامان محەمەد شەریف، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: “ئێمە بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکان دەکەین، بەو نیازەی پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە”. داواشی لە فراکسیۆنی پارتی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بەشداری بکات.
باسنيوز
