شێخ جەعفەر پەیامێک ئاراستەی پێشمەرگە دەکات

 شێخ جەعفەر پەیامێک ئاراستەی پێشمەرگە دەکات
فەرماندەی یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان پەیامێک ئاراستەی پێشمەرگە دەکات.



شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70ـی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا راگەیاندووە، کە هێرشی ئەمڕۆی پێشمەرگە هەنگاوی یەکەمە لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ.



شێخ جەعفەر شێخ مستەفا هەروەها رایگەیاند، کە ئەو شوێنانەی پلان بۆ رزگارکردنەوەیان دانراوە، پێشمەرگە رزگاریان دەکاتەوە و دانانەوەی بۆمب و نەوت سووتاندنی داعشیش لە سەنگەرەکان ناتوانن پێشڕەویی پێشمەرگە رابگرن.



ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە پەیامێکی بۆ پێشمەرگە نارد و داوایان لێ دەکات، پەلە نەکەن لە هێرش بردن و لە پلانی ئۆپەراسیۆنەکە دەرنەچن، هەروەها بۆ سەلامەتیی گیانی خۆیان، داوای لێکردن دەست بۆ دەست بۆ هیچ چەک و شتێکی پاشماوەی داعش نەدەن تاوەکو تیمەکانی ئەندازەیی پێشمەرگە لە نەبوونی بۆمب لە ژێریاندا دڵنیایان دەکەنەوە.



کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند.



تاوەکو ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە پێنج کیلۆمەتری چوارگۆشەی رزگارکردووەتەوە و توانیویانە شکست بە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش بهێنن.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.





باسنیوز
Top