فەرماندەیەکی پێشمەرگە هۆشداریی دەداتە ”هێزە بیانییەکان“ لە پارێزگای نەینەوا
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە ژمارەیەک هێز بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکە دیاریکراون و بۆ هیچ هێزێکی دیکە نییە بەشداریی شەڕەکە بکات.
فەریق جەبار یاوەر هەروەها رایگەیاندووە، کە هەر هێزێک بەشداریی شەڕەکە بکات و ناوی لە لیستی هێزە بەشداربووەکان نەبێت، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە بۆردومان دەکرێت.
بەپێی رێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، هێزی پێشمەرگە، سوپای عێراق، پۆلیسی ئیتیحادی و دژەتیرۆری عێراقی بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن.
ناوی هێزە بەشدارەکانی پێشمەرگە و ئاسایش:
- یەکەکانی (70 -80)ی پێشمەرگە
- لەشکری تایبەتی (١) و گوڵان
- ھێزەکانی زێرەڤانی
- سێ لیوای وەزارەتی پێشمەرگە
- ھێزی پشتیوانیی 1 و 2
- فەرماندەییەکانی (ھەولێر، کاوە، گەرمیان، سەفین، سپیلک، دھۆک و سلێمانی)
- ھێزەکانی ئـاسایش
- یەکەی پاسەوانیی زێرەڤانی
کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند.
تاوەکو ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە پێنج کیلۆمەتری چوارگۆشەی رزگارکردووەتەوە و توانیویانە شکست بە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش بهێنن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
باسنیوز
