ڕێباز بێرکۆتی: پاش بڕیارەکەی سەرۆک پێشمەرگە گوێ بە گرفتە سیاسییەکان نادات

 ڕێباز بێرکۆتی: پاش بڕیارەکەی سەرۆک پێشمەرگە گوێ بە گرفتە سیاسییەکان نادات
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕای گەیاند، پاش بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، پێشمەرگە گوێ بە گرفتە سیاسییەکانی کوردستان نادات.



ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کە وەک پێشمەرگەیەک بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ دووشەممە 17\10\2016ی پێشمەرگەدا کردووە، بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاندووە: ”داعش ڕووەو شکانە و توانای بەرگریشی نەماوە، ئەمڕۆ گوندەکانی دەوروبەری حەمدانییە و کەرەملێس، بەدەنە سەغیر و بەدەنە کەبیر، بەلای ئەوبەریش لە خەرابە سوڵتان و کەبەرلوو، هێرش دەستیان پێ کردووە و لە ماوەیەکی کورتدا قۆناغەکە کۆتایی دێت“.



لەبارەی ڕۆڵی ناکۆکییە سیاسییەکان لەسەر پێشمەرگە، بێرکۆتی دەڵێت: ”سەرکەوتنی پێشمەرگە لە وتەکانی جەنابی سەرۆکەوەیە کە بە هەموو مەعنەویاتێکەوە بڕیاری داوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ، ئێمە گوێ بە گرفتە سیاسییەکان نادەین. پێشمەرگە هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و بە ناکۆکییە سیاسییەکان مەعنەویاتی دانابەزێت“.



لە کۆتاییشدا، بەرامبەر بەو قسانەی کە هەندێکجار لەلایەن سەرکردەکانی دەوڵەتی یاسا و دژ بە کوردەکان بەرامبەر بە پێشمەرگە دەکرێت و داوای کشانەوەی لە ناوچە ئازادکراوەکان لێ دەکرێت، ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە هەولێر دووپاتی کردەوە: ”هەرێمی کوردستان لەسەر بستێک لە خاکی خۆی سازش ناکات“.






باسنیوز
Top