داعش داوای پاشەکشە لە چەکدارەکانی دەکات
بەهۆی شکاندنی هێڵی بەهێزی بەرگریی داعش لە دەوری مووسڵ لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، چەکدارانی داعش ورەیان دابەزیوە و توانای شەڕیان نەماوە.
بەپێی زانیارییەکان، داعش لە بڵندگۆی مزگەوتەکانی مووسڵەوە داوا لە چەکدارەکانی دەکات بەرەو سووریا پاشەکشە بکەن.
کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند.
تاوەکو ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە پێنج کیلۆمەتری چوارگۆشەی رزگارکردووەتەوە و توانیویانە شکست بە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش بهێنن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
باسنیوز
