سامر سەبهان بۆ شەڕی موسڵ بە بەشداری پێشمەرگە یەکلایی دەبێتەوە
سامر سەبهان، باڵیۆزی پێشووی عەرەبستانی سعودیە لە عێراق و وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ کاروباری وڵاتانی کەنداو، لە كاتی بەشدارییکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8ی رووداو، لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ رایگەیاند، سعودیە بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئۆپەراسیۆنی شەڕی موسڵ و ئەو شەڕەش بە بەشداری پێشمەرگە یەکلایی دەبێتەوە.
لەبارەی ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی مەزهەبی لە موسڵ، وەزیری دەوڵەتی سەبهان دەڵێت "سعودیە هەمیشە عەقڵانی بیردەکاتەوە و بڕیاردەدات. ئێمە وەک دەوڵەت و حکومەتی سعودیە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدانین شەڕی مەزهەبی لە موسڵ، یان لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە رووبدات، چونکە شەڕی مەزهەبی ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت".
سامر سەبهان گوتیشی "ئەو شەڕانەی فەللوجە و چەند شوێنێکی دیکەی عێراق ئەوەیان دەرخست، کە شەڕی مەزهەبی چی کاولکارییەکی بەدوای خۆیدا هێنا. ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە ئەو گرژییە مەزهەبییە لە هیچ شوێنێک دووبارە نەبێتەوە. هیوادارین شەڕی موسڵ لەسەر دەستی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی پێبێت و هیچ دیاردەیەکی نەخوازراوی لێنەکەوێتەوە".
وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ کاروباری وڵاتانی کەنداو ئاماژەی بەوەشكرد، کورد، سوننە و شیعە سێ پێکهاتەی گرنگی عێراقن؛ لەماوەی رابردوودا بەیەکەوە ژیاون و کێشەی گەورەیان نەبووە، "بەڵام بەداخەوە لەو ماوەیەی کۆتاییدا لە عێراق کێشەیان تێکەوت و هیوادارین عێراق لەو کێشانە دەربازی ببێت، چونکە شەڕی مەزهەبی و تایەفەگەری هەمووان لەنێودەبات و دواجاریش کەس تێیدا سوودمەند نابێت".
RUDAW -
